"من خوشکەکەمم لە دەستدا…. وە ئەمەوێ هەمووکەسێ ئەوە بزانێ"

لە گوندی هەلانیا، لە ئێستادا لافیتەیەکی ڕەش کە کۆترێکی لەسەرە ئاماژەیە بۆ لانەی یادکردنەوەی ژیانی تەمەنی لاوێتی کچە گەنجە ١٩ ساڵانەکە دونیا ڕەشید. ئەو ژیانەی کە سوپای تورکیا لە کردەیەکی ترسناکی توندوتیژدا کۆتایی پێهێنا. 

 

لە٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨، دونیا ڕەشید، کە خوێندکاری قۆناغی ئامادەییە لە شارۆچکەی شێروان مەزن، لە کوردستانی عێڕاق لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی چوو بوو بۆکۆکردنەوەی جۆرە بستەیەک. زەوی و زارەکانی گوندی هەلانیا نزیکن لەو سەربازگە تورکییەی کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دروستکراوە. سەربازە تورکەکان ڕاستەوخۆ گولە هاوەنێک ئاراستەی گرووپێکی گوندنشینی سی کەسی دەکەن کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرووبوومەکانیان لەسەر زەویەکانیان. ئەم هێرشە کۆتایی بە ژیانی دونیا هێنا. 

CPT سەردانی خانەوادەی دونیا ڕەشیدی کرد کە ئەوان لە کاتی هێرشەکەدا لە شوێنی ڕووداوەکە بوون. سامان، برای دونیا، ڕووداوەکەی بۆ CPT گێڕایەوە بە ئامادەبوونی ئەندامانی خانەوادەکەی و گوندنشینانی هەلانیا کە لە ماڵەکەیاندا کۆبووبوونەوە. 

سامان بە CPT ڕاگەیاند کە دوو ڕۆژ پێش ڕووداوەکەی دونیای خوشکی واتا ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٨ خێزانەکانی هەلانیا و گوندە نزیکەکانی، چووبوونە سەر زەوی و زارەکانیان کە لە چیاکانەوە نزیکن بۆ کۆکردنەوەی بستەی کانگر کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتیانە. دەستبەجێ پاش گەیشتنی گوندنشینان، سەربازە تورکەکان لە سەربازگەکەوە چەند موشەکێکیان بە ئاراستەی ئەو کێڵگانە تەقاند. موشەکە تەقێنراوەکان ئاگریان لە ناوچەکە بەرداو گوندنشینانی ناچار کرد ناوچەکە جێبهێڵن و بەرووبوومە بەهادارەکەیان کۆنەکەنەوە. بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئاگرەکە هەموو چیاکانی گرتەوەو سووتان. 

لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨، گوندنشینان گەڕانەوە بۆ ناوچەکە و لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەو کانگرانەی نە سووتاون و ڕزگاربوون لە ئاگرەکە کۆبکەنەوە. " پێش ئەوەی ئێمە بگەینە ناوچەکە جەند خێزانێکی تر پێش ئێمە لەوێ بوون. ئەوان لە بەیانییەکەیەوە لەوێ بوون. هەمووان زەمیلەی خۆمان پێبوو بۆ کۆکردنەوەی کانگرەکان". سامان ئاماژەی بەوەشدا کە گوندنشینێکی زۆر لەوێ بوون کاتێک هێرشەکە دەستی پێکرد. "مووشەکی یەکەم کە لە سەربازگەکەوە تەقێنرا بە ئاراستەی گوندەکەمان ڕۆیشت بەڵام لە ناو گوندی نەدا لە دەرەوەی گوندی دا…..پاشان موشەکی دووەم بەرەو ڕووی ئێمە هات. نزیکەی ٣٠ کەسێک لە ناوچەکەدا بوون، زۆرینەی منداڵ بوون".

سامان ووتی موشەکی دووەم دونیای خوشکی کردە ئامانج. کە لە نزیک چەندین منداڵ و مێردمنداڵەوە وەستابوو.موشەکەکە زەمیلەکەی دەستی دونیای کوناودەرکردو بە نێوقاچییدا تێپەڕی و بووە هۆی برینداریەکی وێرانکەری مەزن. ئەندامانی خێزانەکەی دەستبەجێ لاشەی دونیایان گواستەوەو گوندنشینەکانی تریش زەمیلە کانگرەکانیان بۆ کۆکردنەوە کە پێشتر کۆیانکردبۆوە. 

لە کاتیکدا ئەو گوندنشینانەی کە لەوێدا مابوونەوە، سەربازە تورکەکان لە سەربازگەکەیانەوە دێنە لایان و هەڕەشەیان لێدەکەن، ئاگاداریان دەکەنەوە کە هیچ وێنەیەکی ڕووداوەکە نەگرن. پاشان سەربازەکان پاشماوەی موشەکەکەو پارچەکانی کۆدەکەنەوەو دەیبەنەوە بۆ سەربازگەکەیان. هەرچۆنێک بێت، گوندنشینان پێش ئەوەی سەربازەکان بێنە لایان وێنەو ڤیدیۆی ڕووداوەکەیان گرتبوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ئەو ڕۆژە چی ڕوویدابوو.
 

زۆربەی کات ترسناکە باس لە تۆپبارانەکانی تورکیا بکرێت لە کوردستانی عێڕاق لەبەر هۆکاری ئەمنی. دوای چاوپێکەوتنەکەی CPT لەگەڵ خانەوادەی دونیا، براکەی دونیا سامان، پرسیاری لێکرا کە ئایا ئاساییە ناوەکەت وەک خۆی ئاماژەی پێبکرێت، "من خوشکەکەمم لە دەستدا، هیچ هەڵەیەک و شەرم لەمەدا نییە، ئەمەوێ هەموو کەس ئەوە بزانێت کە چی بەسەر دونیادا هات".

هێرش وتۆپبارانەکانی سوپای تورکیا ڕۆژانە ڕوودەدەن لە ناوچە سنووریەکان. سەربازانی تورکیا سنووری کوردستانی عێڕاقیان تێپەڕاندووە بە درێژایی ٣٠ کم و سەربازگە دروست دەکەن بە درێژایی سنوور بە بیانووی پاکردنەوەی ناوچەکە لە پارتی کریکارانی کوردستان PKK. پێکدادانەکانی حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان ٣٠ ساڵە بەردەوامی هەیە. بەدرێژایی ئەم ماوەیە گوندنشینانی ناوچە سنوریەکان زەرەرمەندی یەکەمن. "پێویستمان بە چارەسەری سیاسییە" موختاری گوندەکەی دونیا وای ووت. 

ئەم ئاست بەرزیەی توندوتیژیە بۆتە مایەی شوێن گۆڕینی گوندنشینان و لەدەستدانی ژیانیان. تکایە پەیوەندی بە نوێنەرانی حکومەتەکانتانەوە بکەن کە پاشەکشە لە پشتیوانیەکانیان بکەن بۆتوندوتیژیەکانی سوپای تورکیا کە لە کوردستانی عێڕاق ئەنجامی دەدەن هانیان بدەن بۆ چارەسەری سیاسیانەی ئەم ململانێ درێژخایەنە. هەروەها تکایە داوای ئەوەش لە حکومەتەکەت بکە بە تەواوی وازبێنن لە پشتیوانی قۆرغکاری و بە بازاڕکردنی چەک لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست. 

 

cptik