بۆردوومان یاخود لافاو؟

مامۆستا پشدەر دەرس بە خوێندکارەکانی دەڵێتەوە لەژێر خێمەدا بەهۆی ئەوەی کە بینای قوتابخانەیان نییە لەو شوێنە تازەیەی کە گوندەکە تێیدا دەژین

"ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ گوندەکە ئەوا بۆردوومان دەکرێین، ئەگەر لێرەش بمێنینەوە ئەوا لافاو دەمانبات!" پور ئایش بە "سی پی تی" گووت. " ئەوە چ جۆرە بژاردەیەکە کە ئێمە هەمانە؟ ئێمە چیمان کردووە؟". ئەو دەربارەی گوندەکەی قسەیدەکرد کە ناوی گوندی "زێوکە"یە لە کوردستانی عێراق لەسەر سنوری ئێران و لەدوای بۆردوومانەکانەوە بەتەواوی چۆڵبووە.

پور ئایش، لەژێر خێوەتێکدا دانیشتووە کە ناتوانێت ژیانیان بپارێزێت لە سەرماو سۆڵەی زستانی ئەم ساڵ

لە شەوی ٢٦ی ئەیلولدا هێزی ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ٢٤ جار، گوندی زێوکەیان بۆردوومانکرد. بەیانی ڕۆژی ئایندە هەر ٢٠ خێزانەکەی گوندەکە کە نزیکەی ١٠٠ منداڵ و ژن و پیاو دەبن هەموویان گوندەکەیان بەجێهێشت و بۆ خوارەوەی گوندەکەیان هەڵاتن. تەنیا توانیان ئەو ماڵ و موڵکانە لەگەڵ خۆیاندا بەرن کە توانیبوویان هەڵی بگرن. ئەوان چەند خێوەتێکیان بۆ دابینکراوە کە لەسەر بەردەڵانێک لە تەنیشت ڕووبارێکەوە خێوەتەکانیان هەڵدراوە.

پور ئایش ڕوونیکردەوە کە چۆن بارانی پایز و بەفری زستان بەم زووانە مانەوەیان لەم خێوەتانەدا دەخاتە مەترسییەوە. لەهەمانکاتدا بۆردومانەکانی تورکیا مەترسیەکی گەورە دروستدەکات لە سەر گەڕانەوەی خەڵکەکە بۆ گوندەکانیان لە دامێنی چیاکەدا.

لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئەوە سێیەمین جارە کە خەڵکی گوندی زێوکە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ئاوارە بوون. بەڵام ئەوە یەکەمین جارە کە گوندەکە لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان دەکرێت. گوندی زێوکە لەسەر یەکێک لە زنجیرە شاخەکانی بناری قەندیل دەکەوێتە نزیک چەند بارەگایەکی سەربازی حکومەتی ئێران بە دیوی کوردستانی عێراقدا. لەماوەکانی ڕابردوودا گوندەکە لە لایەن ئێرانەوە چەند جارێک بۆردوومان کراوە.

کە دەڵێین گوندێکی ئاوارە، ئەوا مەبەستمان قوتابخانەیەکی ئاوارەشە. دوو خێوەتی بچووک، سێ تەختە سپی و نۆ کورسی دانیشتن بۆ قوتابخانەی زارۆیانی گوندەکە دابینکراوە. ئەوان لە ژێر خێوەتێکی تەنکدا و لەسەر چەند کورسییەکی نزیک لە ڕووبارەکەوە دەرسیان پێدەخوێندرێت. هەر باران بارینێک وادەکات کە ئەو ڕۆژە قوتابخانەکە دابخرێت و بە منداڵان دەوترێت لە ماڵەوە بمێننەوە ئەمڕۆ دەرس ناخوێندرێت.

ئەندامانی "سی پی تی"، کامەران عوسمان و وێلدن نایسلی. لە ١٩ی تشرینی یەکەمدا سەردانی گوندی زێوکەیان کرد. ئەوان "مامۆستا ئاوات" بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیان لە قەڵادزێ بینی. کە دواتر ڕێی نیشانی تیمی "سی پی تی"دا تاوەکو گەیشتنە شوێنی ئاوارەبوونی گوندەکە و قوتابخانەی گوندەکە.

چوار لە مامۆستایانی قوتابخانەکە، بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەشەوە لە قەڵادزێ دەژین. هەموو ڕۆژێک زیاتر لە کاتژمێرێک بە ڕێگاوە دەبن تاوەکو دەگەنە قوتابخانەکە و بەیانییان زوو شار بەجێدەهێڵن بۆ ئەوەی لەکاتی دیاریکراوی قوتابخانەدا کە کاتژمێر هەشتە، بگەنە گوندەکە. لە دەورووبەری نیوەڕۆدا قوتابخانە تەواو دەبێت و مامۆستاکانیش سەر لەنوێ دەست بە گەشتە ماندووکەرەکەیان دەکەنەوە بەرەو ماڵەوەیان.

مامۆستاکانی گوندەکە زۆرینەی ئەو مووچە کەمەی کە پێیاندەدرێت لە هاتووچۆی گوندەکەدا خەرجی دەکەن. مامۆستاکان پارەیان لەنێوان خۆیاندا کۆکردۆتەوە و ئۆتۆمبێلێکی جۆری "تۆیۆتا"ی مۆدێل ١٩٨٠یان کڕیوە. بۆئەوەی ڕۆژانە هاتووچۆی گوندەکەی پێبکەن و لەوەرزی سەرما و سۆڵەدا ئەو ڕێگا سەخت و شاخاوییەی پێ ببڕن. ئەوان دەزانن کە ئەگەر نەچن بۆ ئەو گوندە و دەرس نەڵێنەوە ئەوا زارۆیان بێبەش دەبن لە خوێندن. یەکێک لە مامۆستاکان گوتی "من دێمە ئێرە بۆ ئەوەی کە دەرس بڵێمەوە لەبەرئەوەی ئەم قوتابیانەم خۆش دەوێت". مامۆستاکانی تریش قسەی ئەو مامۆستایەیان دووپات کردەوە و بەڵێنی بەردەوامیاندا لە دەرس وتنەوە بە قوتابیەکان لەو خێوەتانەدا.

بەهۆی کەمی جێگە لە ژێر خێوەتەکان، “هەوار و هەدین” لەدەرەوە و لەتەنیشت ڕووبارێکدا دەرس دەخوێنن کە مەترسی لێدەکرێت بەم زووانە لافاوی لێبکەوێتەوە

مامۆستاکان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە فێربوونی منداڵان چەند سەختە لەکاتێکدا کە ئەوان تووشی ناڵاندنی دەروونی بوون بەهۆی بۆردوومانەکان و ئاوارەبوونیانەوە. مامۆستا پشدەر کە یەکێک بوو لە مامۆستاکانی قوتابخانەکە پرسیاری لە "سی پی تی"کرد، "تاچەند شیاوە بۆ ئەو منداڵانە کە فێرببن لە کاتێکدا کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە". مامۆستایەکی تر باسی خەمەکانی خۆیانی کرد و دەیگووت "قوتابیانی زێوکە پێویستیان بە قوتابخانەیەکی جێگیر و سەلامەت هەیە لەگەڵ چارەسەرێکی تەواو، ئینجا دەتوانن پەروەردەیەک وەربگرن کە شایەنی ئەوان بێت".

یەکێکی تر لە خەمە گەورەکانی گوندە ئاوارەبووەکە، ئاوە. سەرچاوەی ئاوی خەڵکی ئاوارەبوو ڕووبارەکەیە، کە ئەویش بە پاشەڕۆی ئاژەڵ و مرۆڤ پیس بووە. ئەوان ئاوی ڕووبارەکە دەخۆنەوە و بۆ خواردن و شوشتنی قاپ و قاچاخ و شوشتنی جلوبەرگیان بەکاریدەهێنن. و منداڵەکانیشیان لەناو ئەو ڕووبارەدا دەشۆن. زۆرجار منداڵەکان لەناو ڕووبارەکەدا یاری دەکەن و پێستیان توشی قڵیشان و نەخۆشی تر دەبێت.

گوندنشینانی زێوکە بانگەواز لە دەوڵەتی تورکیا دەکەن بۆ وەستاندنی ئەو بۆردوومانانە. وە هەروەها داوا لە حکومەتی خۆیان و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەن کە یارمەتیان بدەن کە چیتر ڕووبەڕوی ئەو بژاردە سامناکە نەبنەوە کە یان بۆردوومان بکرێن یاخود لافاو بیانبات.

"سی پی تی" دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی گوندنشینانی زێوکە. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە داوا لە تورکیا بکەن بۆ وەستاندنی بۆردوومانەکان لەسەر خەڵکی گوندەکە و هەموو ئەو گوندانەی تریش کە بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەوە وێران بوون.


ئەندامانی “سی پی تی” کامەران و وێڵدەن، لەگەڵ مامۆستایان و خوێندکارانی قوتابخانەی ئاوارەبووی گوندی زێوکە

cptik