تیمی کوردستانی عێراقی "سی پی تی"، وەڵامی کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر دەداتەوە
وەڵامێک بۆ کۆنسۆڵی گشتی تورکیا لە هەولێر، کە هەفتەی ڕابردوو ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی بە ئامانج نەگیراوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی ئابی ٢٠٢٠، هاکان کاراجای، سەر کۆنسۆڵی تورکیا لە کوردستانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لەوەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەواناندا سەبارەت بە هەڵمەتە سەربازییە بەردەوامەکانی تورکیا لە کوردستاندا، گوتی: "ئێمە هەرگیز، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنیمان بە ئامانج نەگرتووە."
تیمی کوردستانی عێراقی "سی پی تی"، کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بواری مافەکانی مرۆڤە و لەساڵی ٢٠٠٧ەوە کار دەکات بۆ بە بەڵگەکردنی کاریگەری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆسەر گیان و بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کوردستانی عێراقدا، دەخوازێت کە تیشک بخاتە سەر ئەوەی کە لێدوانەکەی بەڕێز هاکان کاراجای، دوورە لە ڕاستیەوە.
لە ساتەوەختی ڕاگەیاندنی هێرشی ئاسمانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان لە ١٥ی حوزەیران لە ژێر ناوی چنگی هەڵۆ و وەهەروەها پەلاماری سەربازی خاکڕەوی لە ١٧ی حوزەیران، لەژێر ناوی چنگی پڵنگدا، زیاتر لە ٦ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و چوار هاوڵاتیش برینداربوون. سەرباری ئەمانەش، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا، چەندین ڕەز و باخ و کێڵگەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری هاوڵاتیان سوتاون و مەترسی چۆڵبوون لەسەر چەندین گوندو ئاوایی دروست بووە.
لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیادا بۆ سەر کوێستانەکانی خنێرە لە ناحیەی سیدەکان، عەباس مەغدیدی ٣٠ ساڵە شەهیدکرا کە شوانێکی کۆچەری بوو و بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکەی ڕووی کردبووە کوێستانەکان.
لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، لە هێرشێکی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا، پێنج هاوڵاتی کە بۆ وەرگرتنی پشوو لەدوای کارەکەیان ڕوویانکردبووە دۆڵی باڵەندە لە نزیک شیلادزێ شەهیدکران. "سی پی تی" توانی ناوی چوار لە شەهیدەکان بەبەڵگە بکە، کە بریتیین لە: موخلیص ئادەم، ئازاد مەهدی، دێمان عومەر و ئەمین ساڵح.
لە ٢٥ی حوزەیراندا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دوکانێکی میوە فرۆشییان لە ناوچەی گەشتیاری کونە ماسی بە ئامانج گرت کە لەوکاتەدا کۆمەڵێ خێزانی گەشتیار لەناوچەکە بوون. لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، پەیمان تالیبی ٣١ ساڵ قاچێکی لە ئەژنۆی بەرەو خوارەوە لەدەستدا و قاچەکەی تریشی لەچەندین شوێنەوە شکاوە و پێویستی بە نەشتەرگەری زیاتر هەیە. وەهەروەها هەردوو قۆڵیشی سوتاوە. لەهەمانکاتدا، هاوسەرەکەی پەیمان، کەیوان کاوەی تەمەن ٣٠ ساڵ و کچە ٧ ساڵ و کوڕە ٥ ساڵانەکەیان لەو بۆردوومانەدا برینداربوون.
لە ١٠ی تەمووز، لە دوای بەردانەوەی ٢٦ بۆمب لەلایەن هێزی ئاسمانی تورکیاوە، دانیشتووانی گوندی ئەڤلا لە ناحیەی باتیفەی سەر بەقەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، ناچاربوون گوندەکەیان بەجێبهێڵن.
لەڕۆژی ١١ی تەمووز، تۆپخانەکانی تورکیا گوندی بادیەیان لە پارێزگای دهۆک بە ئامانج گرتوو ٦ هاوەنیان ئاراستەی گوندەکە کرد. لە ئەنجامدا زەرەر بەر ١٠ خانووی گوندەکە کەوت و چەندان بێستان و ڕەز و باخی هاوڵاتیانی ناوچەکە وێرانبوون.
هەردوو ئۆپەراسیۆنی "چنگی هەڵۆ" و "چنگی پڵنگ"، درێژکراوەی شەڕی درێژ مەودای سێ دەیەی سوپای تورکیایە لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، لە خاکی کوردستانی عێراقدا. بەگوێرەی ئەو داتایانەی کە "سی پی تی" کۆیکردوونەتەوە، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ئێستا، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و تۆپخانەکانی تورکیا بوونەتە هۆی شەهیدکردنی زیاتر لە ٨٥ی هاوڵاتی مەدەنی و بریندارکردنی زیاتر لە ٩٥ هاوڵاتی مەدەنی تر. لەو ٨٥ هاوڵاتیە شەهیدە، ١٥ کەسیان بە تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٠دا شەهیدبوون. ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بوونەتە هۆی چۆڵبوونی سەدان گوند لە هەرێمی کوردستان و بوونەتە هۆی مەترسی بۆسەر ئاسایشی ژیان و بژێوی هەزاران خێزانی ناوچەکە.
تیمی کوردستانی عێراقی "سی پی تی"، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات کە ڕێز لەژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بگرێت و کۆتاییەک بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دابنێت لە کوردستانی عێراقدا.
زانیاری سەربار:
ئەو خانەوادانەی کە لەهێرشەکانی تورکیادا کەسوکار و ئازیزانیان لەدەستداوە، داوای کۆتاییهێنان بە بۆتردوومانەکان دەکەن. لێرەوە زیاتر بخوێنەوە دەربارەی کەمپەینی خانەوادەی قوربانیان "ئێستا گوێمان لێبگرن؛ بۆردوومانەکان ڕاگرن!".
بۆ خوێندەنەوەی دواین ڕاپۆرتی "سی پی تی" سەبارەت بە کاریگەری بۆردوومانەکانی تورکیا بۆسەر دانیشتووانی مەدەنی هەرێمی کوردستانی عێراق، گرتە لەسەر ئەم بەستەرە بکە:
.https://cptik.org/kurdish/2020/6/18/-