هەمان کپکردنەوەی ڕابردوو

ماریان کرۆنبێرگ

مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەکە – کە هەروەها بە "مۆزەخانە سورەکە" ناسراوە، دەبێت ڕابردوویەکی پڕ لە تیرۆر و کپکردنەوە نیشانبدات کە لە سەردەمی بەعسیەکاندا ڕوویداوە، کە لە سەردەمی کۆماری عێراقی وە هەروەها سەردەمی فەرمانڕەوایی دیکتاتۆر سەدام حسێن ڕوویداوە. بەڵام ئایا کپکردنەوە و توندوتیژی شتێکی سەردەمی ڕابردووە ؟ وەڵامەکە تەنها دەکرێت نەخێر بێت! ئەوەی کە لە ڕابردوودا ڕوویداوە هەموو ڕۆژێك لێرە ڕوودەدات لە کوردستانی عێراق

ماوەیەك لەمەوپێش سەردانی مۆزەخانەکەم کرد. بەناو ژووری زیندانیەکاندا دەڕۆشتم، ئەو دەق و نوسینانەم دەخوێندەوە کە لە ژووری زیندانە جیاجیاکاندا بەدی دەکرا، هەستم بە خەمباری دەکرد. نەك لەبەر کوشتن و توندوتیژی و ئەشکەنجەدانەکانی ڕابردوو. بەڵام زیاتر خەمباربووم کاتێك گوێم لە وتەکانی شایەتحاڵەکانبوو لە مانگی ڕابردوودا، لەو مانگەی کە لەگەڵ CPT (تیمەکانی بنیاتنەری ئاشتی کۆمەڵگە) لێرە لە کوردستانی عێراق بەسەرمبرد. شایتحاڵەکان شایەتی درەبارەی چەندین شتی باوەڕپێنەکراو دەدەن کە لە زیندانەکاندا ڕوودەدەن. وەکو ئەشکەنجەدان، نایەکسانی و دانپێدانانی زۆرەملێ. ڕێک وەکوو ئەو مێژووەی کە لە مۆزەخانەکەدا نیشاندراوە

"ئەم ژوورە بۆ زیندانیکردنی پیاوان تەرخانکرابوو. لەسەر ڕووبەری ٥٧ مەتر چوارگۆشە بنیاتنراوە، بەڵام ژمارەی زیندانیەکانی ناوی زۆربەی کات دەگەشتە ١١٠ کەس" (مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەکە، ژووری ژمارە ٥)

گوێم لە دەنگی یەکێك لە شایەتحاڵەکانە، یەکێک لەو زیندانیکراوانە کە ڕۆژنامەوانێکی سەربەخۆبوو تەنها چەند هەفتەیەكیش دەبێت کە لە زیندان ئازادکراوە. پیاوێك کە ساڵ و نیوێك لە زینداندا بووە، لەو ماوەیەدا ٥٢ ڕۆژی لە زیندانی تاکەکەسیدا بەسەر بردووە و ئەشکەنجەدراوە بەڵام هێشتا بۆ بوێرانە شایەتیدا دەربارەی دۆخەکان: پاش کاتەکەم لە زیندانی تاکەکەسیدا، نێردرام بۆ ژوورێکی دیکە. ژوورە نوێکە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٥٠ مەترێك دەبوو، بەڵام ١٣٠ کەسی تیادابوو. ڕۆژێك سەرۆکایەتی پەرلەمان هاتن بۆ سەردان،لە کاتی سەردانیکردنەکەیاندا، ژمارەمان کەمکرایەوە بۆ ١٠٠ کەس

زۆرینەی ئەو کەسانەی بینیومانن لە گرتووخانەی ئاسایشدا(هێزی پاراستنی کوردی) ڕووبەڕووی ئەم شتانە بوونەتەوە. ژووری زیندانیەکان هێندە قەرەباڵغبوون کە شەوان پاسەوانان دەبوو بە بەکارهێنانی تەختەیەک پاڵیان پێوە بنێن تاوەکوو نزیکتر لەیەک بخەون و هەموویان جێگەیان ببێتەوە

لە مۆزەخانەکە شوێنێکی تایبەت هەبوو بۆ زیندانیکردنی ئافرەتان. کە ئافرەتی دووگیانیشی تێدابوو کە لە زینداندا منداڵیان بووبوو. منداڵەکانیان بە مەبەستی ئەشکەنجەدانیان بەکاردەهێندران. بۆ نمونە منداڵەکانیان لە دایکەکانیان جیادەکردنەوە تاوەکوو لەو ڕێگایە ناچاریان بکەن بە دانپێدانانی هەندێک تاوان، کە هەرگیز ئەنجامیان نەداوە

من باش وشەکانی زیندانیەکی دیکەم لەبیرە، کە یەکێکە لە گیراوەکانی بادینان، کە پێیوتین پاسەوانەکان پێیان وتووە گەر هاتوو داننەنێت بە ئەنجامدانی تاواندا، ئەوا دەستدرێژی سێکسی لە ژنەکەی دەکەن. ئەمیش بۆی دەرکەوتبوو  کە ئەوان ئەمە ئەنجام دەدەن. بۆیە دانینا بە ئەنجامدانی تاوانێك کە هەرگیز نەیکردووە. پاش ماوەیەك لە دادگاییکردنەوەی، لە دادگادا وتی کە چۆن لە ژێر هەڕەشەدا ناچارکراوە دان بە ئەنجامدانی تاوانێکدا بنێت. "ڕووبەری ئەم ژوورە ١٦ مەتر چوارگۆشەیە. کە تەرخانکرابوو بۆ لێدان و فەلاقەکردنی قوربانیەکان بەپێی خواستی ئەفسەرە پاسەوانەکان..." (مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەکە)

چیرۆکی یەکێك لە شایەتحاڵەکان، یەکێك لە ڕۆژنامەوانە سەربەخۆکان هەمیشە  لە یادمدایە: چاوم بەسترابۆوە و دەستەکانیشم کەلەپچەکرابوون. چەندەها کەس لێیاندام. پاش ئەشکەنجە، دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە لەگەڵم. دەمانچەیەکیان ڕووتێکردم و وتیان لەوانەیە دوبارە ئەشکەنجە بدرێمەوە. بەردەوامبوون لە ئەشکەنجەدانم. ئەوان ئاسایش بوون

ئەو لەڕووی جەستەیی و دەروونیشەوە ئەشکەنجەدراوە. تاکە شێوە کە بیتوانیایە بەرگری لەخۆی بکات بە قسەکردن بوو. پاش ئەوە دەیانویست دانپیادانانێك ئەنجامبدات لەسەر تۆماریکی ڤیدیۆیی، تیایدا بڵێت کە ئەو ئەشکەنجە نەدراوە. ئەو بە "بەڵێ" وەڵامیدابۆوە کاتێك لێیان پرسیبوو ئایا ئەشکەنجە دراوە. پاش ئەوە ئەو دیمەنە سڕدرابۆوە لە ڤیدیۆکە

مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوە! نازانم چەند جار هەمان پەیامم بیستووەتەتەوە لە چەندەها خێزانی جیاوازەوە، لە چەندەها خەڵك و قوربانی جیاوازەوە. لە ڕابردوودا سەدام حسێن  بوو

ئێستا کوردەکانن دژ بە کوردەکان، بۆچی؟

منیش تەنها دەتوانم هاوڕابم و بپرسم بۆچی ؟

کاتێک کە لە مۆزەخانەکە بووم خەم دای گرتبووم.، زۆرینەی بەهۆکاری ئەوەبوو کە زۆر شت هاتنەوە پێشچاوم کە لە ئێستادا ڕوودەدەن، هەموو ئەو چیرۆکانەی کە لە کەسانی بێتاوانەوە بیستبووم و دەستبەسەر کرابوون. بەڵام چڕترین هەستم هەستکردنە بە سوپاسگوزاری 

لەجێێ  ئەوەی هەست بە خەمباری بکەم، هیواخوازم. و ئەو هیوایەم بە هۆی بەهۆی بینینی گشت ئەو کەسە بوێرانەیە کە بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەن، بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین دەکەن و بەرگری لە دیموکراسیەت دەکەن. هیواخوازم چونکە ورەی گشت ئەم کەسە بێتاوانانە وەکو خۆیەتی و کۆڵیان نەداوە

ئەوان شایستەی ڕێزی ئێمەن

cptik