بەڕاستی قسەكردن لەگەڵا دەسەڵات لە كوردستانی عێراق نووسینی: دەیڤد هۆڤد

From People-Iraq
بەڕاستی قسەكردن لەگەڵا دەسەڵات لە كوردستانی عێراق
نووسینی: دەیڤد هۆڤد
اسماعیل عبدالله وەك شوفێر كاری بۆ لێپرسراوێكی خانەنشینكراوی حكوومەت لەشاری سلێمانی دەكرد. لە (17/2/2011)دا، خەڵكی دەستیان بە خۆپیشاندانكرد لە سەرای ئازادی شارەكەدا دژ بەو گەندەڵییەی كە لەناو هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری ناو حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە. لەڕۆژانی یەكەمی خۆپیشاندانەكاندا، هێزەكانی ئاسایش هەرزەكارێكیان كوشت‌و بەهەڕەمەكی تەقەیان بەناو خۆپیشاندەراندا دەكرد. رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان لە سەكۆكەوە بانگەوازیان بۆ ئازادی‌و دادپەروەری دەكرد. شانبەشانی هەزارانی دیكە، اسماعیل بەشێوەیەكی رۆژانە سەردانی سەرای ئازادی دەكرد.
اسماعیل وەك خۆبەخشێك لە خۆپیشاندانەكاندا بەشداربوو. لەسەكۆكەوە ووتاری دەخوێندەوە‌و بووە یەكیك لەوانەی كە رۆژانە لە سەكۆكەوە لێدوانی دەدا. اسماعیل بەردەوامبوو لە كاركردن، بەڵام هەڕەشەیەكی زۆری لێدەكرا. دەسەڵات مووچەكەی بڕی. پاشان یەكێك لەگەورە لێپرسراوانی حكوومەت پەیوەندیی پێوەدەكات‌و داوای لێدەكات كە واز لە لێدواندان بهێنێت لەسەكۆكەوە‌و بەڵێنی پێدانی شوقەیەكی نوێی پێدا ئەگەر بێت‌و وازبهێنێت. وەڵامی اسماعیل ئەوەبوو كە ئەو خۆی‌و بیروباوەڕەكانی نافرۆشێت. اسماعیل ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەی تۆماركردوە‌و لەسەر سەكۆكە بۆ ئامادەبووانی لێدایەوە. هەروەها ئەو تۆمارەی بە تەلەفزیونە ناوخۆییەكان دا بۆ ئەوەی پەخشی بكەن.
لە (9/4)دا هێزەكانی ئاسایش كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكان هێنا. گازی فرمێسكرژیان دژ بە خۆپیشاندەران بەكارهێنا‌و دواجار سەكۆكەیان سووتاند. اسماعیلیش خۆی شاردەوە. كاتێك گوێبیستی ئەوەبوو كە گفتوگۆ لەنێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار‌و ئۆپۆزسیۆن هەیە وایدەزانی كە بارودۆخەكە گونجاو‌و ئارامە بۆ ئەوەی خۆی دەربخاتەوە. وپێدەچوو كە دەسەڵاتداران گەیشتبێتنە ئەو بڕوایەی كە گوێ‌ بۆ ئەو كەسانە هەڵبوێرێ‌ كە داوای گۆڕان دەكەن.
لەئێوارەیەكی درنگی (26/5) اسماعیل چوو بۆ سوپەرماركتێك لەگەڵا هەندێك لە برادەرەكانی. لەگەڵا گەڕانەوەی بۆ ناو ئۆتۆمۆبێلەكەی، دوو ئۆتۆمۆبێلی دیكە پێشیان لێگرت‌و هەشت كەسی دەمامكدار دابارین بەسەریدا‌و چاوبەستیانكرد‌و بۆ ناوی یەكێك لە ئۆتۆمۆبێلەكان بەلێدان بە قۆناغی تفەنگەكانیان راینكێشا. ئۆتۆمۆبێلەكەیان بۆ ماوەی (30) خوولەك لێخوڕی‌و پاشان وەستان‌و اسماعیلیان فڕێدایە خوارەوە. اسماعیل دووچاری لێدان بە كێبڵا لە هەردوو قاچیدا‌و بەقۆناغە تفەنگ لەدەمووچاویدا. یەكێكیان تەلەفۆنێكی بۆ دەكرێت‌و پاشان بەوانەی دیكە دەڵێت "مەیكوژن. تەنها نیشانەیەك بخەنە سەر دەمووچاوی بۆ ئەوەی بزانرێت كە لێدانی خواردوە."
لەو كاتەدا یەكێكیان دەمامكەكەی لەسەر دەمووچاوی لابرد‌و یەكێكی دیكەیان بەتفەنگەكەی لووتی اسماعیلی لە سێ‌ لاوە شكاند. بەچەقۆ قۆڵا‌و پشتیان زامداركرد. پاشان پێیان ووت "ئەگەر بێت‌و ئەمجارە بەشداری خۆپیشاندان بكەیتەوە ئەوا دەتتۆپێنین." اسماعیلیش وەڵامیان دەداتەوەو دەڵێت "ئەگەر ئێستا خۆپیشاندان هەبوایە، ئەوا دەم‌ودەست بەشداریم تێدادەكرد." یەكێكیان پەنجەی اسماعیلی شكاند‌و اسماعیلیش لەهۆش خۆی چوو.
اسماعیلیان خستە ناو ئۆتۆمۆبێلێكەوەو لەدووری (25 كم) لە شارەوە فرێیاندا. اسماعیل بەپێ‌ بەرەو شار گەڕایەوە. ئۆتۆمۆبێلەكان بەلایدا تێپەڕدەبوون بەڵام هەڵیان نەدەگرت بەهۆی بوونی خوێن بەسەر جەستەیەوە. اسماعیل بەپێ‌ گەڕایەوە بەرەو شار‌و پاشان لەدوكانێكەوە تەلەفۆنی بۆ خێزانەكەی كرد.لەو كاتەی لەچاوەڕوانیدابوو، شۆفێری تەكسییەك ناسییەوەو بردی بۆ نەخۆشخانە. ئەندامانی خێزانەكەی‌و هاوڕێكان‌و رۆژنامەنووسان هەموو لەچواردەوری كۆبوونەوە لەكاتێكدا پزیشكەكانی سەرقاڵی چارەسەركردنی بوون.
پاش مانگێك تەندروستی اسماعیل باشتربوو. نەشتەرگەرییەكی بۆ ئەنجامدرا بۆ ئەوەی ئێسكی لووتی بۆ چاكبكەنەوە. لێپرسراوانی حكوومی‌و كۆمەڵایەتی‌و هێزەكانی ئاسایش قسەیان لەگەڵدا كرد‌و دڵنیایان كردەوە كە لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستنیشانكردنی رفێنەرەكانی بەردەوام دەبێت. اسماعیل دەڵێت "یان ئەوەتا نازانن كێ‌ ئەم كارەی كردوە یان درۆ دەكەن. خەڵكی بەئاشتییەوە هاتە سەرشەقامەكان، بەڵام هێزەكانی حكوومەت بە توندوتیژی وەڵامیاندایەوە. نامانەوێت وەك سوریامان لێبێت. ئێمە توندوتیژی‌و شەڕی ناوخۆمان ناوێت."
chihchunkurdishComment