"منداڵەکان نایانەوێت لە ماڵەکانیاندا بخەون"

"گوندنشینێک پاشماوەکانی مووشەکێک نیشانی سی.پی.تی دەدات کە لە چەمی ڕەباتکێ کەوتبووە خوارەوە"

تورکیا لە بەرواری ٣ ی مانگی ٩ی ساڵی ٢٠١٨دا گوندی چەمی ڕەباتکێی سەر بە قەزای ئامێدی کوردستانی باشووری بۆردومان کرد. ئەمە جاری یەکەمە لە ماوەی ئەم دوو سالەدا ئەم گوندە بۆردومان بکرێت، بەڵام ناوچە نزیکەکانی گوندەکە بە شێوەیەکی بەردەوام تۆپباران کراوە. پێش لێدانی مووشەکەکە ، گوندنشینەکانی چەمی رەباتکێ و دەورووبەری راپۆرتی ئەوەیان داوە کەوا "فڕۆکەی هەواڵگری" رۆژانە بە سەریاندا دەفرێت. ئەم فڕۆکە هەواڵگریانە فڕۆکەی دەنگدارن و ژیانی خەڵک هەراسان دەکەن. سەرەرای بێزارکەریان، فڕۆکە هەواڵگریەکان وایان کردووە گوندنشینەکان ترسیان هەبێت لە ماڵی خۆیاندا بژین.

ژیانی جووتیاران بە تەواوەتی جیاوازە لە ژیانی شارنشینان، زەیا کە یەکێکە لە جوتیارانی گوندی چەمی ڕەباتکێ ئەمەی گووت، " پێویستە بڕۆین ، پێویستە بەرەوبوومەکانمان ببەین و برۆین". تورکیا دەیان ساڵە بۆردومانی کوردستانی عێراق دەکات بە بیانووی ئەوەی کە لە چیاکانی کوردستانەوە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە دەکرێنە ئامانج. هەرچۆنێک بێت ئەم تۆپبارانکردنانە لەم ٣٠ی ساڵەی کۆتاییدا ڕوویانداوە و ئەوەی زۆرترین کاریگەری لەسەر هەبووە خەڵکی ئاشتی خواز و مەدەنی کورد بووە.

لە شەوی ٣ی مانگی ٩دا، مووشەکێکی تورکیا گوندی چەمی رەباتکێی هەژاند. بە دووری چەند سەد مەترێک لەدەرەوەی گوندەکە لەسەر شاخێک کەوتە خوارەوە. هەموو گوندنشینەکان خەبەریان بۆوە و هاتنە دەرەوە بۆ ئەوەی ببین کە چی ڕوویداوە. دوای پێنج خولەکی تر مووشەکێکی تری تورکیا لە ناو گوندی چەمی رەباتکێ درا. پەنجەرەکانی شکاند و بووە هۆی داڕمانی خانووەکان و لەرینەوەی زەوی ژێرپێی گوندنشینان. کاریگەری مووشەکەکە وای کرد گوندنشینەکان لە ئەنجامی تەقینەوەی موشەکەکە بکەونە سەر زەوی. گوندنشینێک لە نزیک ئەو شوێنەی کە مووشەکەکە بەری کەوتبوو کەوتە سەر زەوی، زەیا گووتی "ئەگەر نەکەوتبا بە زەویدا، پڕیشکی موشەکەکە دەیکوشت یاخود برینداری دەکرد".

وا دیارە ترس و تیرۆر و وێرانکاری پاشماوەی ئەم گوندەیە. لە دوای کەوتنە خوارەوەی موشەکەکەوە هەمووان ترسی دەرچوونیان لەماڵەکانیان و بینینیان لە لایەن فرۆکە هەواڵگرییەکانەوە هەیە کە بە سەریاندا دەفرێت.

ئێستا منداڵەکان بەدەنگی داخستنی دەرگا بەئاگادێنەوە و لە کۆسپی دەروونیدان لە ئەنجامی تۆپباران کردنی گوندەکەیان لە لایەن تورکیاوە.

نینۆس دەڵێت "منداڵەکانم نایانەوێت لە ماڵدا بنوون بۆیە گواستوماننەوە بۆ ماڵی مامیان لە هەولێر" (هەولێر شارێکی گەورەترەو هیچ تۆپبارانێک لە سنووری هەولێردا نییە)، ڕیش سپییەکانی ناوچەکە دەڵێن ئەگەر تۆپباران بەردەوام بێت هەمووان گوند و ماڵ و ژیانی خۆیان بە جێ دەهێڵن ، ئەگەر ئەوان بۆیان بلوێت ئەوە بکەن، ئەوا خەڵک کاتێک کە بۆجارێک ئێرەیان جێهێشت زۆر بەدەگمەن دەگەڕێنەوە.

تۆپبارانەکان و هەروەها ترس لە تۆپبارانەکانی داهاتوو بووەتە رێگرێک بۆ گەشەسەندنی گوندەکە. " ئێمە ناتوانین وەبەرهێنان لە هیچ پرۆژەیەکدا بکەین، ترسی ئەوەمان هەیە ئەگەر دەستبکەین بە وەبەرهێنان و تۆپبارانەکان دەست پێبکات، ئەو کاتە کێ قەرەبووی پڕۆژەکانمان بۆ دەکاتەوە؟". ئەو زیانانەی کە بەر جەستەو ماڵ و زەوی و بەرووبوومی خەڵک دەکەوێت هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە. بۆیە دەرباز بوون وەک گوندێکی بۆمباران کراو بەبێ هەبوونی دەرفەتی گەشەکردن کێشەیەکی بەردەوامە.

“پاشماوەی چاڵێک بەهۆی موشەکەکانی تورکیاوە، کە کێڵگەیەکی کونجی لەسنوری گوندەکە پێکاوە”

لە سەرپێچی یاسای نێودەوڵەتیدا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی مەدەنی کورد، لێخۆشبوونی نییە. تورکیا لە بەرامبەر خەڵکی کورددا، سەرپێچی بڕیارنامەی "٢١٧ئەی" بەیاننامەی مافی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨دەکات. بەتایبەت بەندی ٣یەم و بەندی ١٢یەم، کە هەروەکو لە خوارەوەدا هاتووە:

بەندی ٣: هەموو کەسێک مافی ژیان، ئازادی و ئاسایشی کەسی هەیە.

بەندی ١٢: هیچ کەسێک نابێت ڕووبەڕوی دەستێوەردانی زۆرەملێ لە ژیانی تایبەتی و خێزانی، ماڵ و پەیوەندیەکانی ، وەهەروەها کەرامەت و ئابڕووی ببێتەوە. هەموو کەسێک مافی خۆپارێزی یاسایی هەیە لە دژی هەر دەستێوەردان و پەلامارێک.

ئەم جۆرە هێرشانەی تورکیا دژی گەلی کورد، سەرپێچی کردنە بەرامبەر بە بڕیارنامەی٢٥/٤٤ ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکەوتننامەی مافی منداڵانی ١٩٨٩، لانی کەم لەم دوو بەندەی کە لە خوارەوەدا هاتووە:

بەندی ١٦.١: هیچ منداڵێک نابێت ڕووبەڕووی دەستێوەردانی زۆرەملێ یان نایاسایی ژیانی تایبەتی و خێزانی، ماڵ و پەیوەندیەکانی، وەهەروەها کەرامەت و ئابڕووی ببێتەوە،

بەندی ٣٨.١: لایەنە دەسەڵاتتدارەکان، ڕێزگرتن و دڵنیابوون لە ڕێزگرتن لەو یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیانە دەگرنە ئەستۆ کە لەشەڕی چەکداریدا کاری پێدەکرێت و پەیوەستە بە منداڵانەوە.

cptik