ئەگەر دڵسۆزی خەڵکی خۆتانن …!

کاک ساندی و گوندنشینانی تری چەمی ڕەبەتکێ، قسە بۆ "سی پی تی" دەکەن.

کاتژمێر چواری ئێوارەیە. لەدوای حەوت کاتژمێر لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەمان دەگەینە گوندی "چەمی ڕەبەتکێ" لە دۆڵی نەهلە لە پارێزگای دهۆک. کە سەرجەم دانیشتوانی ئەو گوندە ئاشوورین. لەماڵەکەی خۆیاندا مامۆستا ئاشور و خێزانەکەی میوانداریمان دەکەن.

لەکاتی بۆردوومانەکاندا، منداڵەکانمان دەگرین و تەنانەت ئاژەڵەکانیش دەترسن

ڕێکخراوی سی پی تی پێشتریش چەندین جار سەردانی گوندی چەمی ڕەبەتکێ و گوندەکانی ئەو ناوچەیەی کردووە کە نزیکەی ٦ساڵ دەبێت لەژێر هەڕەشەی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیادان، بۆردوومانەکان بوونەتە هۆی ئەوەی کە گوندنشینان لەژێر ترسێکی بەردەوامدا ژیانیان بەسەر بەرن، یەکێک لە ئەندامانی خێزانی کاک ئاشور بەدڵێکی پڕەوە دەڵێت "جاران دەوڵەتی تورکیا بۆردوومانی دەرەوەی گوندەکەمانی دەکرد بەڵام ئێستا بۆردوومانەکانیان نزیکتر بوونەتەوە و ئەمەش دۆخێکی خراپی دەروونی بۆ گوندنشینان درووستکردووە و لەکاتی بۆردوومانەکاندا منداڵەکانمان دەست دەکەن بە گریان. تەنانەت ئاژەڵەکانیش دەترسن".

 

بەردەوامی بۆردوومانەکان بووتە هۆی ئەوەی کە زۆرینەی دانیشتووانی گوندی چەمی ڕەبەتکێ ڕەزوباخ و ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن و ڕوولە شارەکان بکەن، چۆڵبوونی گوندەکەیان ترسی لەسەر مانەوە و ئایندەی ئەم گروپە کەمە نەتەوایەتییە دروستکردووە کە بەدرێژایی چەندەها ساڵ لەو ناوچانە دەژین و شوێنی بابووباپیرانیان

ئێمە ئامادە نین چیتر ڕێگە بدەین منداڵەکانمان ئازار بچێژن و لێرەدا بژین


کاک نینۆس کە ئەندامێکی تری خێزانەکە بوو بە ناسۆرێکی زۆرەوە باس لەچۆڵبوونی گوندەکەیان دەکات، ئاماژە بەوە دەکات چیتر ژیان لەم ناوچەیە پارێزراو نییە. ئەو دەڵێت " ئێمە ئامادە نین چیتر ڕێگە بدەین منداڵەکانمان ئازار بچێژن و لێرەدا بژین. ئەمە هێڵی سوورمانە.هەوڵبدەن کە خۆتان بخەنە جێگەی ئێمە، ئێوەش وەکو باوکێک چیتان دەکرد؟

 

بۆردوومانەکان تاکە هۆکار نین بۆ چۆڵبوونی ئەو ناوچەیە، بەڵکو خراپی بارودۆخی ڕێگاوبانەکانیش هۆکارێکی دیکەن کە وادەکات گوندنشینان چیتر لەم دەڤەرەدا نەژین.جێهێشتنی گوندەکە ڕیگایەکی خاو و مەترسیدار دەبێت لە کاتی بۆردوومانەکاندا. منداڵان دەبێت ڕێگایەکی پڕ لە چاڵ و قوڕاوی ببڕن  بۆئەوەی بگەن بە قوتابخانەکانیان و بەردەوام بن لە خوێندن.

من مامۆستام بەڵام ناتوانم بچم بۆ سەر کارەکەم

تەنیا یەک بینای قوتابخانە لەناو گوندی چەمی ڕەبەتکێدا بوونی هەیە، کەئەویش لەساڵی ٢٠١٤ەوە چیتر دەرسی تێدا ناخوێندرێت و لەکاتی شەڕی داعش و لەهەمان ساڵدا بووبووە بە پەناگەیەک بۆ ئاوارەکانی شەڕی داعش. 

مامۆستا ئاشور کە مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە ،بە هۆی باروودۆخی خراپی ڕێگاکان کە هاتووچۆی ڕۆژانەی بۆ گران کردووە لەئێستادا ناچارە لە دەرەوەی گوندەکەی خۆی و لە گوندێکی تردا وەک مامۆستا خزمەت بکات. باس لەوە دەکات خراپی ڕێگاوبانی گوندەکەیان هۆیەکی ترە بۆ چۆلبوونی گوندەکەیان، ئەو دەڵێت " من مامۆستام بەڵام ناتوانم بچم بۆ سەر کارەکەم، بۆیە ئێستا لە گوندێکی تر وانە دەڵێمەوە و چیتر ناتوانم لەگوندەکەی خۆمدا بژیم".

 

دانیشتوانی گوندی چەمی ڕەبەتکێ نیگەرانن لە بێدەنگی حکومەتی هەرێم و لاوازی هەڵوێستی حکومەتی ناوەندی عێراق.

ئەوان دەڵێن کە حکومەتی هەرێم دەسەڵاتێکی وەهای نییە کە بتوانێت بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران ڕابگرێت وە هەموو ئەوەی کە حکومەتی عێراقی کردوویەتی تەنها بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بووە.

 

کاک زەییا، موختاری گوندی چەمی ڕەبەتکێ، پارچەیەک لە پاشماوەی بۆمبەکانی دوایین بۆردوومانی سەر گوندەکەیانمان نیشان دەدات.

ئەوەی کە لای من جێی سەرسووڕمانە ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا ئەندامی ناتۆیەو بە چەکی ئەمریکی خەڵکی بێ تاوان بۆردوومان دەکات، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژاردووە

کاک سەندی کە ئەویش ئەندامێکی خێزانەکەی کاک ئاشوورە بە تیمەکەمانی گووت:" بۆردوومانەکان بوونەتە هۆی کۆچ کردنی خەڵکی لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان. ئەوەی کە مایەی سەرسووڕمانە لە لای من، ئەوەیە کە دەوڵتی تورکیا یەکێکە لە ئەندامانی ناتۆ و بە چەکی ئەمریکی بۆردوومانمان دەکەن. لە هەمان کاتیشدا بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جێگەی پرسیارە".

 

گوندنشینان بە تەنیا ڕووی دەمیان لە حکومەتەکان نییە بەڵکو پێیان وایە کە کۆمەڵگەی مەسیحیش دەبێت ئاوڕێکیان لێبداتەوە، ئەوان پێشوازی لەهەر ڕێکخراو و لایەنێک دەکەن کەبیەوێت خزمەت بە گوندەکانی دۆڵی نەهلە بکات بە گوندی مسوڵمان نشینی دوپرێ'شەوە، بەڵام ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە وەکو کۆمەڵگەیەکی مەسیحی ترسی لەناوچوون لەسەر ئەوان زیاترە.

 

ئەگەر دڵسۆزی خەڵکی خۆتانن، ئەوا وەرن بە هانامانەوە


کاک سەرگۆن، باس لە ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەسیحی دەکات لەبەرامبەر گوندنشینان لەم بارودۆخەدا. ئەو دەڵێت" کەنیسە نێودەوڵەتیەکان بڕی یەک دەفتەر دۆلاریان بەخشی بە گوندەکەیان بەڵام ئەم بڕە پارەیە بەس نەبوو بۆ قیڕتاو کردنی ڕێگاکە و تەنیا توانیان بەشێکی ڕێگاکەی پێ چاک بکەن کە لەدوای شەش مانگ ڕێگاکە وەکو خۆی لێهاتەوە" لە درێژەی قسەکانیدا ئەو دەڵێت" ئەگەر ئێوە دڵسۆزی خەڵکی خۆتانن ، ئێستا کاتی ئەوەیە کە بە هانامانەوە بێن و ئەوەی کە ئێمە داواکارین لێتان : پاراستنی سەلامەتیمان و و هەوڵی وەستاندنی بۆردومانەکانە".

cptik