ژیان دەبێت لە ئاوارەییدا چۆن بێت!

ئەندامانی “سی پی تی” و گوندنشینانی زێوکە، لە بەردەم ماڵی کاک حەمەدەمین لە شارۆچکەی قەڵادزێ

زێوکە، نموونەیەکە لە سەدان گوندی هەرێمی کوردستان کە بوونەتە قوربانی ململانێی سیاسی و زێدەخواستی وڵاتانی دراوسێیان، ئێران و تورکیا.  چالاکی سەربازی ئاسمانی و خاکڕەوی هەردوو وڵات بۆماوەی ٣٠ ساڵ، بوونەتە هۆی لەناوبردنی ژیانی سەدان هاوڵاتی بێتاوان و ئاوارەبوونی هەزاران گوندنشین، بەدرێژایی سنورەکانی ئێران و تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا، کە جارێک بەبیانووی شەڕی دژ بە تیرۆریزم ڕەشە کوژی لە گوندە سنور جێیەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدەدەن و ڕۆژێکی تریش بە پاساوی پاراستنی سنور و ئاسایشی خۆیان سنوری هەرێمی کوردستان دەبەزێنن و ئاسایشی ژیانی خەڵک تێکدەدەن. هەموو ئەو دەسترێژییانەی تورکیا و ئێران بە بەرچاوی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا  و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدەدرێت .  

ئەمە دووەمجارە کە سی پی تی لە دوای ئاوارە بوونیان چاوی بە ژمارەیەک لە گوندنشینانی زێوکە دەکەوێتەوە. لە بەرواری ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩  کاک حەمەد ئەمین موختاری گوندی زێوکە لە ماڵەکەی خۆیدا پێشوازی لێکردین. کە لە دوای بە جێهێشتنی گوندەکەیان لە ئێستادا لە گەڵ ١٤ خێزانی تری هەمان گوند لە قەڵادزێ نیشتە جێن.

 دوای خواردنەوەی چایەک لە گەڵ خێزانی کاک حەمەد ئەمین لێمان پرسین بارودۆخیان ئێستا چلۆنە و چۆن ڕۆژگار دەگوزەرێنن؟!. بە بزەیەکەوە دەڵیت: ژیان لە ئاوارەییدا دەبێت چۆن بێت؟! وەک ئاوارەی پارچەیەکی تری ئەم کوردستانە لە دڵی خۆمدا دەڵێم: تاڵ!

قومێکی تر لە چاکەی دەدات و دەڵێت ئومێدی ئەوەمان هەبوو تا لە ناو خێوەتەکانین حکومەت و ڕێکخراوانی وەک ئێوە بە هانامانەوە بێن بەڵام سەرما و سۆڵە پێش ئێوە کەوت و ناچار کراین خێوەتەکانمان بە جێبهێڵین و هەر یەکەو ڕوو لە شوێنێک بنێین. وەک خۆتان دەبینن ئێستا ئێمەو ژمارەیەک خێزانی تر لە قەڵادزێ نیشتەجێین و مابەقی بە سەر گوندەکانی ترەوە دابەشبوون.

لە درێژەی قسەکانیدا باس لە قورسیەکانی ژیان لە شار دەکات و دەڵێت: سەرەڕای ئاوارەییمان هەموو شتێک بە دوو قات لە سەرمان دەکەوێت. لە گوندی خۆمان هەرکەسەو لە ماڵی خۆی بوو، ناچار نەبووین کرێ خانوو بدەین. زستانان بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانمان دارمان بە کاردەهێنا. منداڵەکانمان بە جلی سادەی خۆیان دەچوونە قوتابخانەو پێویستیان بە یەکپۆشی نەبوو. ئێستا منداڵەکان لە هاوڕێکانی قوتابخانەیان دابڕاون و هەریەکەو لە قوتابخانەیەکدا درێژە بە خوێندنیان دەدەن.


لە دوای بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆسەر گوندی زێوکە، دانیشتووانی گوندەکە ئاوارەبوون و بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە ژێر خێوەت و ڕەشماڵدا ژیانیان بەسەردەبرد.

مام عبداللە کە پێدەچێت تەمەنی لە هەشتا تیپەڕیبێت، ڕوو دەکاتە ئێمەو دەڵێت: واز لە هەموو ئەم گرفتانە بهێنن خاک خۆشەویستە وئێمە نامانەوێت گوندمان چۆل بمێنیت و دەستبەرداری ببین.

پوور ئایش دایکی حەمەد ئەمین کە بە درێژایی گفتۆگۆکەمان بێدەنگ بوو.  کاتێک پێیدەڵێین ناونیشانی ڕاپۆرتێکمان لە قسەیەکی ئەو(لە نێوان بۆردوومان کردن و لافاو بردندا) وەرگرتووە، بزەیەکی شیرین دەکات و من زیاتر تامەزرۆ دەکات بۆ ئەوەی چیرۆکی بۆردوومان و ئاوارەیی لە زاری مێینەیەکدا ببیستم.

کاک حەمەد ئەمین لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات کە چیرۆکی زێوکە و سەدان گوندی تری ناوچەی قەندیل شایەنی بیستنە وهەر هەموویان زامداری دەردێکن. دەڵێت: تەنها لە دوای ڕاپەریندا چوار جار ناچار بە بەجێهێشتنی گوندەکەمان کراوین و لە سەرجەم وڵاتانی دراوسێمان تەنها سووریا بۆردوومانی نەکردووین و بە بزەیەکی تاڵەوە دەڵێت ئێران، تورکیا و عێراق( لە سەردەمی بەعسدا ) لەو پشکەدا بێبەشیان نەکردووین.


نیو کاتژمێرێک دەبێت کە ماڵی کاک حەمەد ئەمینمان بە جێهێشتووە و بە ڕێگەی ناوچەیەکی تری بۆردوومان کراوین بۆ ئەوەی گوێبیستی چیرۆکی زیاتر بین لە لایەن بەرکەوتووانی ئەم توندووتیژیە ناڕەوایە. کە جارێک بە بۆردوومان خۆی پیشان دەدات و جاربە تۆپباران و جاربە سپاڕانی حکوومەتانی دراوسێ. بەدەم سەیرکردنی هەتاوی کەمگیانی ئێوارەی قەندیلدا بیرم لە لای هەموو ئەو چیرۆکە بیستراو و نەبیستراوانەیە کە لە دڵی خەڵکی گوندنشینی سەرسنووردا ماوەتەوە.   

cptik