پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشتەجێی هەرێمی کورستانن، لە ئێستادا سەرگەردان و ئاوارەن

ڕۆژی ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، سوپای پاسدارانی ئێران لەڕێگەی نزیکەی ٧٠ موشەکەوە، سێ کامپی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە شاری کۆیە بۆردومان کرد. ئەو کامپانەی نزیک کۆیە، لە ساڵی ١٩٩٥بۆ ئەو کوردانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنیادنراون کە لە دەستی زوڵم و زۆری دەوڵەتی ئێران شارەکانی خۆیان بەجێهێشتووە. پێش بۆردومانەکانی ٢٨ی ئەیلوول، نزیکەی ٦٠٠ خێزان لە کامپەکان ژیانیان کردووە. بەڵام لە ئێستادا، کامپەکان چۆڵکراون و خێزانەکان ئاوارە بوون.

بیانووی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ بۆردوومانکردنی کامپەکان، بوونی گروپە بەرهەڵستکارە کوردییەکانە. ئێران پەنجەی تۆمەت بۆ سێ پارت ڕادەکێشێت کە لە پشت خۆپیشاندانەکانی ئێستای کوردستان و ئێران بن. خۆپیشاندانەکان دوای گیانلەدستدانی "ژینا ئەمینی"، کچە کوردی ٢٢ ساڵان، دەستیان پێکرد، کە لە شاری تاران دەستگیرکرابوو. هێزەکانی پولیس؛ لە کاتی دەستبەسەریدا، ژینا ئەمینیان تاکو ڕادەی بێهۆشبوون، ئەشکەنجە داوە. ئەمەش وایکرد کە دواتر بەهۆی برینەکانی لە نەخۆشخانە گیان بسپێرێت.

ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم، ئەندامانی تیمی بنیادنانی ئاشتی کۆمەڵگا دیداریان لەگەڵ ژمارەیەک لەو خێزانانە ئەنجامدا کە بە هۆی بۆردوومانەکانەوە ئاوارەکرابوون.

لە دوای بۆردومانەکانی ٢٨ی ئەیلوولدا، ٢٨٠ قوتابی و ٣٠ مامۆستا ناتوانن بگەڕێنەوە قوتابخانە. بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کۆیە بەرپرسیارەتی دابینکردنی بینایەکی دەکەوێتە ئەستۆ، بە مەبەستی بەکارهێنانی وەک قوتابخانە لە شاری کۆیە. مامۆستایەک پێیگوتین وابڕیاربوو کە دەرگای قوتابخانەکە ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم بکرێتەوە، بەڵام گەڕانەوەی قوتابیان بۆ قوتابخانە بە ناڕوونی ماوەتەوە، ئەمەش لەبەر هۆکاری ئەمنی و نەبوونی توانای پارێزگاریکردنە لە قوتابیان.

cptik