هیمداد هەرگیز نەگەڕایەوە

ڕووناک حمەغریب ڕەزا

ئەمە چوارەمین جارە کە CPT لە گوندی بەرمیزەیە. لە ١٣ تشرینی دووەم، کاک عوسمان و جواهیرە خان لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی کوڕەکەیان هیمداد، لە ماڵەکەی خۆیاندا پێشوازیان لێکردین. هیمدادی ٢٢ ساڵ، چوار ساڵ پێش ئێستا کاتێک کە بە ئۆتۆمبیلەکەی لە سنووری نێوان تورکیا و عێراق بەرەو گوندەکەی خۆیان دەگەڕایەوە بوو بە ئامانجی فڕۆکەیەکی جەنگی سوپای تورکیا و گیانی خۆی لەدەستدا.

دوای خواردنەوەی چایەک لە گەڵ خانەخوێیەکانماندا. کاک عوسمان پێی گوتین " سەربازانی تورک چواردەورەیان تەنیوین و بە تەواوەتی دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتووە و ئێستا نزیکەی ١٥-١٦ بارەگایان لە دەوری بەرمیزەدا هەیە. هەتا دێت بارەگاکانیان گەورەتر دەبێت و جادەی زیاتریان بۆ ڕادەکێشن."

سەبارەت بە گوزەران و بژێوی گوندنشینان لێمان پرسین پێیان گوتین گوزەرانیان باش نییە و زۆربەی خەڵکی گوندەکە ماڵ و خانووی خۆیان بە جێهێشتووەو بەرەو سۆران یان هەولێر ڕۆیشتوون". کاتێک پەیجۆری هۆکارەکەی بووین کاک عوسمان گوتی" زۆربەی خەڵکی ئەم گوندە یان ئاژەڵدارن یان چەڵتووک چێن. لەم ڕۆژانەدا هیچ گوندنشینێک ناوێرێت مەڕوماڵاتی خۆی بەرەو لەوەڕگاکان بەرێت یان لە کێڵگەکانیاندا کشتووکاڵ بکەن. چونکە سەربازانی تورک خێرا تەقەیان لێدەکەن و هەروەها بێ ئاوی و وشکەساڵیش بووە بە هۆکاری ئەوەی کە ساڵی پار کەس لە گوندەکەیا برنج نەچێنێت. بۆیە تەنها لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دە خێزان گوندەکەیان بە جێهێشتووە.

ماڵەکەی کاک عوسمان و جەواهیرە کۆتا ماڵە لە گوندەکە، کە حەوشەکەی بەسەر زۆربەی ماڵەکانی گوندەکەو مزگەوتی بەرمیزەدا دەروانێت. ئەو مزگەوتەی کە چوارساڵ پێش ئێستا تەرمی هیمدادی کامنەدیوی تێدا غوسڵدرا.

جواهیرە دایکی هیمداد هەرگیز نەیتوانی ئەو ڕۆژە کە کوڕەکەی کوژرا لە بیر بکات. پەنجەکانی دەستم دەگووشێت و بە دەنگێکی لەرزۆکەوە دەڵێت. "ئەو ڕۆژە تا کاتژمێر٢ی دوانیوەڕو پێکەوە بووین کاتێک کە رۆیشت دڵم کەوتە هەڵڵا کردن. قەرارم لێبڕا بوو. تەلەفونم بۆکرد و پێم گوت نەمگوت نەڕۆی دایە. وتی وا دەگەڕێمەوە دادێ خەمت نەبێ!"

بەڵام هیمداد دوای ئەوە هەرگیز نەگەڕایەوە.

"کە دەنگی تەقینەوە هات بەندی دڵم پسا، هاوارم کرد ماڵم وێران بوو." سەیرم دەکات و دەڵێت، "کچم ڕووناک، ژیان بۆ من لەو ڕۆژەدا چەقیوە . وەرز و ساڵ دێت و دەچێت و هەستی پێناکەم. بەخۆم دەڵێم ئێستا دەرگا دەکاتەوە دێتە ژوورێ. بانگم دەکاتەوە دادێ و پێی دەڵێم گیانی دادێ."

هەر دوو دەستی فریای سڕینەوەی بارانی فرمێسکەکانی ناکەون. زمانی دڵنەواییم لاڵ بووەو سەرەڕای مەیلی دەروونم، هیچ لە دەمم نایەتە دەرەوە. بە زۆر ئەو گرێیەی کە گریان لە قوڕگمدا دروستی کردووە قووت دەدەم و هەموو هەوڵێک دەدەم فرمێسک بە چاومدا نەیەتە خوارەوە، نەوەک زامی دایکانەی جەواهیرە لەمە زیاتر بکولێتەوە.

ئاخێک هەڵدەکێشێت و دەڵێت، "کە خەم تەنگم پێ هەڵدەچنێت دەچمە دەرەوە بەڵام ئەو هەموو بارەگایە ناهێڵن زامی دڵم ساڕێژ ببێت. چاوم بە بارەگاکانیان هەڵنایەت و خێرا دێمەوە ژوورێ. هەموو پێنجشەممەیکیش دەچمە سەر گۆڕەکەی. بەدەم لاواندنەوەی هیمدادەوە ئاوی ئەو گوڵانە دەدەم کە لەسەر گۆڕەکەی چاندوومە.چیم دەسەڵاتە! ئەوە بووەتە تاکە سەرقاڵی من لەم ڕۆژانەدا."

پێش ئەوەی لە گەڵ خێزانەکەی کاک عوسمان بەرەو گۆڕستانی بەرمیزە بڕۆین جەواهیرە خان بە بزەیەک پێمان دەڵێت، “ئێستا ئارگەش کوڕەکەی هیمداد چوار ساڵانەو لە گەڵ دایکیدا لە هەولێر دەژیت. جار جار دێت و سەردانی من و باپیری دەکات. بە پرسیار و ئاکارە منداڵانەکەی تاڵی نەبوونی باوکی کەم دەکاتەوە. خۆزگە باوکی لێرە بوایاو گەورە بوونی جگەرگۆشەکەی ببینیایا.

ڕوو دەکاتە من و هاوکارەکانم و دەڵێت "سوپاس بۆ ئێوە کە بوون بە بەشێک لە خێزانەکەم. هاودڵی و هاوخەمیتان باری خەممان سووکتر دەکات."

هەموومان بەرەو گۆڕستان دەڕۆین. گۆڕەکەی هیمداد گوڵڕێژ کراوەو و داوێژ لەوە دەکات کە دەستێکی دایکانە چاودێریان بووە بۆ ئەوەی نەژاکێن. وەکوو سیمبۆلێک بۆ زیندوو مانەوەی یادی هیمدادی شەهید و هەروەها گرنگی خۆڕاگری دژی داگیرکاری و ستەم، دارێکی زەیتون لەسەر گۆڕەکەی هیمداد دەچێنین. بە هیوای ئەوەی کە هیچ دەسەڵاتێک بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆمب و مووشەک بەسەر خەڵکێکدا نەبارێنێت کە هیچ تاوانێکیان لە ململانێی وڵاتاندا نییە. جگە لەوەی کە کاشانەیان کەوتوەتە چەقی پێکدادن و ئاژاوەی نێوان هێزە چەکدارەکان.

جواهیرە تاکە دایکێک نییە کە شەڕ سێبەری خستوەتە سەر ژیانی و بەداخەوە کۆتا دایکیش نابێت.

بەڵام کێ دەتوانێت نکۆڵی لەوەدا بکات کە تاکە شتێک کە لەم گەردوونە بتوانێت سنووری نێوان خەون و ڕاستی جێبەجێ بکات تەنها هیوایە. بۆیە لە ناخی دڵمەوە ئاواتەخوازی بینینی ڕۆژێکم کە شەڕ و پێکدادان کۆتایی پێبیت و دڵی هیچ دایکێک لە دووری جگەرگۆشەکەی نەژاکێت.

cptik