قوفڵکردنی تەواوەتی سەر سنور: ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەهاری ٢٠٢٤ی سوپای تورکیا لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا.

قوفڵکردنی تەواوەتی سەر سنور: ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەهاری ٢٠٢٤ی سوپای تورکیا لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا.

لەدوای ئەنجامدانی حەوت ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئاسمانیی و خاکڕەوی سوپای تورکیا لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ەوە تاوەکو نیسانی ٢٠٢٢، دەوڵەتی تورکیا توانی بەڕێژەی ٨٦.٢٪ی سنوری نێوان عێراق - تورکیا داگیر بکات و بە قوڵایی ٥ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر، ٦٤ بنکە و بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا جێگیربکات.

لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیدا، سوپای تورکیا چاوی بڕیوەتە سەر کۆنتڕۆڵکردنی زنجیرە چیای گارا. ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنەش قوفڵکردنی تەواوەتی سنوری نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق - تورکیایە و کۆتاییهێنانە بە جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و قەڵاچۆکردنیانە بە درێژایی زنجیرە چیای گارا. ئێستا تورکیا لە قۆناغی ئەنجامدانی ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنەکەدایە و لە قۆناغی ئامادەکاریشدا کە بە بۆردوومانی گوندەکانی دەووروبەری چیای گارا دەستێپێکردووە، چوار هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و هاووڵاتییەکی تری مەدەنی برینداربووە.

چیای گارا، ناوچەیەکی ستراتیژی بە بەهایە. بە شاڕێیی جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا دادەنردرێت و هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەروەها ئەشکەوت و خەرەندەکانی ئەو زنجیرە چیایە بوونەتە پەناگەیەک بۆ ڕاهێنان و خۆ حەشاردانی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان. گارا بە بەرزی ٢،٢٥١ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا و بە درێژایی ٣٨،٩ کیلۆمەتر هەر چوار قەزای مێرگەسۆر، ئاکرێ، ئامێدی و زاخۆ بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لە دامێن و قەدپاڵەکانی ئەو زنجیرە چیایەدا ٩٤ گوند هەن. لەو ژمارەیە ٥٥ گوندیان لەساڵی ١٩٩٦ەوە بەهۆی بۆردوومان و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا بە تەواوی چۆڵبوون و لە ئێستادا تەنیا ٣٩ گوندی ئاوەدان لە دەووروبەری چیاکەدا ماونەتەوە.

لە قۆناغی ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنەکە بەشێوەیەکی فەرمی، تورکیا بۆردوومانێکی ئێجگار زۆری ئەنجامداوە. بە جۆرێک کە لە ٧٠ ڕۆژی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، سوپای تورکیا ١٤١ بۆردوومانی لە پارێزگای دهۆکدا ئەنجامداوە و لەو ژمارەیەش ٧٥ بۆردوومان بۆ سەر گوندەکانی دەووروبەری چیای گارا بووە. ئامانج لەم هێرش و بۆردوومانانەش فشار خستنەسەر گوندنشینانی دەووروبەری چیای گارا بووە کە گوندەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، بەمەش ڕێگەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە و داگیرکردنی پانتاییەکی فراوان تری ناوچەکە خۆشتر و لەبارتر دەبێت. ئەم جۆرە لە تاکتیکی پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەلایەن سوپای تورکیاوە،

 بەشێوەیەکی بەرچاو پیادە دەکرێت و لە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی پیشووتریشدا پەیڕوەی لێکراوە.لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆسەر چیای گارا و لە قۆناغی ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنەکەیدا، چوار هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و هاووڵاتییەکی تری مەدەنیش بەسەختی برینداربووە. لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤دا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندی کافیایان کرد کە دەکەوێتە باشوری چیایا گارا لە ناحیەی دینارتە، لە قەزای ئاکرێ و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی (بەشیر عومەر و عارف تەها) شەهیدبوون. سەرباری ئەوە لە ٨ی ئازاری ٢٠٢٤دا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندی دێویکێیان کرد کە دەکەوێتە باکوری چیای گارە لە ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاکرێ و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی (سەعید موبارەک و ئاراز فەرەج) شەهیدبوون و هاووڵاتییەکی تری مەدەنیش بە ناوی (ساڵح موبارەک) بەسەختی برینداربوو. ژمارەی قوربانییەکانی ئەم دواییەی بۆردوومانەکانی تورکیا لە گوندەکانی دەووروبەری چیای گارا، خواستی تورکیا لە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی ئەم جارەیدا ڕووندەکاتەوە.

ئەمە یەکەم جار نیە، کە تورکیا بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی چیای گارا ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدات. بەڵکو لە مانگی شوباتی ٢٠٢١دا، تورکیا لە ڕێگەی شەش هەلیکۆپتەر و بە پشتیوانی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر چیای گارا ئەنجامدا و سەربازی بۆ سەر چیاکە دابەزاند. لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ١٢ زیندانی بە ڕەگەز تورک و زیندانییەکی بە ڕەگەز کورد کە لە دەستی پارتی کرێکارانی کوردستاندا بوون لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لە ئەشکەوتێکی چیای گارادا گیانیان سپارد و دوای چوار ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی قورس، سوپای تورکیا لەسەر زنجیرە چیای گارا کشایەوە و کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگەیاند.

تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی ڕایدەگەیەنێت، کە لە کاتی ڕاگەیاندنی تەواوەتی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیادا، ئەگەری ئاوارەبوونی نزیکەی ١٩٠ خانەوادەی دانیشتووی گوندەکانی دەووروبەری چیای گارا هەیە و ئەگەری زۆریش هەیە کە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بە بێ زیانی گیانی بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی گوندەکانی دەووروبەری چیای گارا تێنەپەڕێت.

سی پی تی جەخت دەکاتەوە لەسەر دەسپێشخەری ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵۆزی و پێکدادانە چەکدارییانەی کە ماوەی ٤٠ ساڵە لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا هەیە و بانگەواز لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ پاراستنی گیانی گوندنشینان و هاووڵاتییانی مەدەنی نیشتەجێبووی دەورووبەری چیای گارا و تەواوی گوندەکانی سەر سنور.

cptik