بەردەوامی هێرشەکانی سوپای تورکیا لەدوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی
لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا، دامەزرێنەر و سەرۆکی دەستگیرکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی ڕاگەیاند و داوای لە چەکدارانی حزبەکەی کرد کە چەکەکانیان دابنێن و پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵبوەشێننەوە.
ئەم بانگەوازە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە هەرێمییەکانی ناوچەکە و چەند سەرکردەیەکی دیاری ناو هەردوو حزبی حکومڕانی تورکیا، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە) پێشوازی لێکرا.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT بە خۆشحاڵییەوە لەو بەرەوپێشچوونانە دەڕوانێت و پێشوازی لە کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە دەکات کە بووەتە هۆی چۆڵبوونی تەواوەتی یاخود ئاوارەبوونی بەشێکی زۆر لە خێزانەکانی ١،١٩٠ گوند لە هەرێمی کوردستاندا و هەروەها ٧٢١ هاووڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستانیش بوونەتە قوربانی ئەو جەنگە. ئێمە پێمانوایە ئەو بەرەوەپێشچوونانە تەنیا دروستبوونی دەرفەتی ئاشتی نین بۆ گەلانی تورکیا بەڵکو دەرفەتێکیشە بۆ گوندنشینان و خەڵکی مەدەنی هەرێمی کوردستان کە لە ئاشتیدا بژین.
لە ١ی ئازاری ٢٠٢٥دا و تەنیا دوو ڕۆژ لە دوای پەیامەکەی ئۆجەلان، پارتی کرێکارانی کوردستان بانگەوازی سەرۆکەکەیان قبوڵکرد و ڕاگرتنی هەموو چالاکییە سەربازییەکانییان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا کە بەتەنیا لە ئەگەری هێرش بۆسەر چەکدارەکانییان مافی بەرگریکردن لە خۆیان بەکاردەهێنن و وەڵام دەدەنەوە. هەروەها ڕایانگەیاند کە بە بەشداری و سەرۆکایەتی ئۆجەلان لە کۆنگرەی حزبەکەیاندا ئامادەن کە بڕیاری بدەن و پەکەکە هەڵبوەشێننەوە. لەکاتێکدا کە حکومڕانانی تورکیا پشتیوانییان بۆ دەسپێشخەری ئاشتی ڕاگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێکارەکانی پشتیوانی تورکیا لە پڕۆسەکە و کۆتاییهاتنی جەنگ و چەکدانانی پەکەکە ڕوون نیە.
تیمی CPT بەردەوام دەبێت لە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی سەر سنور و چاودێریکردنی ئۆپەراسیۆنەکان. تیمەکەمان ١٤ هێرشی سوپای تورکیایان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا تۆمارکردووە. هەروەها چەکدارانی پەکەکەش دوو جار وەڵامی چەکدارییان بۆهێرشەکانی تورکیا هەبووە.
لە ڕۆژی ٢٧ی شوباتدا، تەنیا دوو کاتژمێر بەر لە بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی کوێستانەکانی خواکوڕک و خنێرەیان لە قەزای سیدەکان لە سنوری پارێزگای هەولێر کرد. کاتژمێرێکیش لەدوای ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، سوپای تورکیا بۆردوومانی چیای گارای لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد. لە هەمان ڕۆژدا، سوپای تورکیا تۆپبارانی چیای مەتینای لە گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی کرد. لە درەنگانێکی شەویشدا فڕۆکە جەنگییەکان، دەووروبەری گوندی گەڵاڵەیان لە قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد.
لە ڕۆژی ٢٨ی شوباتدا، تۆپخانەکانی تورکیا جارێکی تر چیای مەتینایان لە نێوان گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی بە ئامانجگرتەوە.
لە ٢ی ئازاردا، سوپای تورکیا لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشێکی چڕی بۆسەر چیای لینکی و گەلی ڕەشاڤە لە ناحیەی دێرەلووک ئەنجامدا. هێرشەکە بۆماوەی ٤٥ خولەک بەردەوام بوو کە ئەمە گەورەترین و درێژترین ماوەی هێرشی سوپای تورکیایە لە هەرێمی کوردستان لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ەوە. چەکدارانی پەکەکە، بە تەقەکردن لە هەلیکۆپتەرەکان وەڵامی ئەم هێرشەیان دایەوە. هەر لەهەمان ڕۆژدا سوپای تورکیا تۆپبارانی گوندی سگیرێی لە قەزای ئامێدی کرد.
لە ڕۆژی ٤ی ئازاردا، هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا، هێرشیان کردە سەر گەلی مێوین لە گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی. پاشماوەی تەقەمنییەکان لەناو ئاوایی و گوندی بەلاڤەدا کەوتنە خوارەوە.
لە ڕۆژی ٥ی ئازاردا، تۆپخانەکانی تورکیا لە بارەگا سەربازییەکانیانەوە تۆپبارانی چیای مەتینایان لە گوندی گوهەرزێ کرد. لەوەڵامی ئەو تۆپبارانەدا، چەکدارانی پەکەکە تەقەیان لە بارەگا سەربازییەکی تورکیا کرد. لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە سەختی بۆردوومانی دۆڵی ژاژۆڵان و خەندەکیان لە پشتی گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت کرد.
بەگشتی، لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە، سوپای تورکیا ١٤ هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. ٦ لە هێرشەکان لە ڕێگەی تۆپبارانەوە بوون. ٥ هێرشی تر لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و ٣ هێرشیش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بووە. ٩ لە هێرشەکان لە سنوری پارێزگای دهۆک و ٣ هێرش لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دوو هێرشی تریش لە سنوری پارێزگای هەولێر بوون.
هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەڵگەی ئەوەن کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا بەتەواوەتی پشتیوانی دەستپێشخەری ئاشتی بکات و پڕۆسەی ئاشتیش پێویستی بەوەیە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە چاودێری بکرێت. پێویستە پڕۆسەیەکی ئاشتی درێژخایەن و پڕ لە گفتوگۆی ڕوون و ڕاشکاو بۆ دەوڵەتی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە پێشنیازبکرێت.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن بۆ ئاشتیەکی ڕاستەقینە و دادپەروەر کە تیایدا قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەش لە خۆ بگرێت کە بوونەتە قوربانی ئەو جەنگەی کە بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەردەوامە. دەبێت پڕۆسەی ئاشتی، کشانەوە و هەڵگرتنەوەی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا لە خۆ بگرێت، ئەوکاتە هاووڵاتییان و گوندنشینانی ئاوارەبووی سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە بێ ترس بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانییان.
تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT
کوردستانی عێراق