لە کاتی ڕوماڵکردنی خۆپێشاندانەکاندا، ڕۆژنامەوانان ئازاردران و دەستگیرکران

لە ڕۆژی ٢٣ و ٢٤ی شوباتدا، گروپێک لە مامۆستایان و کارمەندانی حکومی گردبوونەوە و ڕێگای سەرەکی نێوان عەربەت - سلێمانییان داخست. داخستنی ئەو ڕێگایە درێژکراوەی ناڕەزایەتی کارمەندانی حکومی بوو لە هەمبەر دواکەوتن یاخود پێنەدانی موچە. گروپێکی بچوک لە ڕۆژی یەکەمدا خۆپێشاندانەکەیان ڕێکخست، بەڵام لە ڕۆژی دووەمدا ناڕەزایەتییەکە فراوانتر بوو و بوون بە سەدان کەس. ئەو خۆپێساندانە ڕاستەوخۆ بە ئامانجگرتنی تانکەرە نەوتەکان بوو کە لە ەجەند ساڵی ڕابردوودا داهاتی نەوت یەکێکی بوو لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمەش کاریگەری لەسەر پێدانی مووچەی فەرمانبەران درووستکردووە. لە ماوەی دوو ڕۆژەکەدا، گردبوونەوەکە بە ئاشتییانە بەڕیوەچوو و تەنانەت هەندێک جار خۆپێشاندەران و شۆفێری تانکەرەکان کە ڕێگەیان لێ داخرابوو بەیەکەوە دەوەستان و خواردن و چاشیان بەیەکەوە بەشدەکرد. گردبووەنەوەکە و بەردەوامی کێشەی پێنەدانی مووچە بۆ میدیاکان جێگەی سەرنج بوو و میدیاکاران دەیانویست ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکە بکەن. بەدرێژایی دوو ڕۆژی خۆپێشاندانەکە، ڕۆژنامەوانان هەواڵی ناڕەزایەتییەکەیان بۆ خەڵکی دەگواستەوە و ڕووماڵی ڕاستەوخۆیان لە شوێنی خۆپێشاندانەکەوە ئەنجامدەدا.

لەگەڵ خۆرئاوابوون و تاریکبوونی ڕۆژی دووەمی خۆپێشاندانەکەدا، بارودۆخی شوێنی ناڕەزایەتییەکە گۆڕا. هەندێک نەوجەوان و گەنجی خوار تەمەن ١٨ ساڵی، بە دەموچاوی پێچراوەوە هاتنە ناو خۆپێشاندەران و دەستیان کرد بە هاوێشتنی بەرد بۆ تانکەری نەوتەکان و تەنانەت هەندێکیان بەردیان دەگرتە خەیمەی خۆپێشاندەران. ئەمە بووە هۆی تووڕەبوونی شۆفێرانی تانکەرە نەوتەکان و شۆفێرەکان بڕیاریاندا کە تانکەرەکانییان لێبخوڕن و هەر جۆرێک بێت بەربەستی خۆپێشاندەران ببڕن. هێزە ئەمنییەکانیش لە ڕیگەی بەکارهێنانی هێزەوە بەربەستی خۆپێشاندەرانییان شکاند و سەرباری ئەنجامدانی تووندوتیژی و لێدان، چەند خۆپێشاندەرێکیشیان دەستگیرکرد. ڕۆژنامەوانان و میدیاکاران پیشەییانە و بەشێوەیەکی بێلایەنانە ڕووماڵی ئەو ڕووداوەیان دەکرد. بەڵام ئەو توندوتیژییانەی کە ئەو شەوە بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانەکان ئەنجامدرا بەشێوەیەکی بەرچاو نەبووە جێگەی باس و خواس و هەڵوەستە لەسەرکردن. 

گروپێک لەو ڕۆژنامەوان و میدیاکارانەی کە لە خۆپێشاندانەکەی ڕۆژی ٢٤ی شوباتدا پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامدرابوو سەردانی "سی پی تی"یان کرد و باسییان لە چیرۆکی پێشێلکارییەکان کرد.

مەهران ڕەمەزان کە یەکێک بوو لە پەیامنێرەکان، لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی ئەو ڕۆەوە ڕووماڵی خۆپێشاندانەکەی دەکرد. کاتێک سەرقاڵی ئەنجامدانی ڕووماڵی ڕاستەوخۆ گرژی و توندووتیژییکان بوو، لەناکاو دەورەی گیرا. چەند پیاوێک بە جلی مەدەنی بەڵام بە چەکەوە لە دەوری وەستابوون. مەهران دكنیا بۆوە کە ئەوانە ئاسایشن. نەیتوانی بجوڵێت. کامێرامانەکەی هەوڵیدا کە ڕابکات و لە شوێنەکە دوور بکەوێتەوە. سێ لە ئاسایشەکان دوای کەوتن و توانییان دەست بەسەر مۆبایلەکەدا بگرن. مەهران دەستگیرکرا و خرایە ئۆتۆمبێلی ئاسایشەوە. سەرباری دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکەی سوکایەتی و قسەی نەشیاویان بەرامبەر بەو پەیامنێرە ئەنجامدا. ئۆتۆمبێلەکە دەستی بە ڕۆیشتن کرد و دوای ڕۆیشتن بە مەودایەکی کەم وەستا و ئاسایشەکان دەرگای ئۆتۆمبێلەکەیان کردەوە و مەهرانیان فڕێدایە دەرەوە.

دۆخەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی دەچوو و چەند خۆپێشاندەر و ڕۆژنامەوانێک بینیان کەچی بەرامبەر مەهران ئەنجامدراوە، هەوڵیاندا بچن بۆ لای و فریای بکەون. تانکەرەکان بەخێرایی بەسەر ڕێگاکەدا دەردەچوون. خۆپێشاندەرێک لە کاتی ڕاکردن بۆ یارمەتیدانی مەهران، نزیک بوو لەوەی تانکەرێک لێی بدات. لەبەر ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بە جلی مەدەنییەوە هاتبوونە شوێنەکە بۆیە قورس بوو بزاندرێت کە کێ ئاسایشە و کێ خۆپێشاندەر و مەدەنیە. مەهران بۆ خۆپاراستن و پەناگیری ڕووی کردە یەکێک لە کۆڵانەکان و بە ئۆتۆمبێلی هاوکارێکیان شوێنەکەیان بەجێهێشت. بەڵام لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی خاڵی پشکنین، مەهران و هاوکارەکانی جارێکی تر دەستگیرکران و گواسترانەوە بۆ بنکەیەکی ئاسایش. دەستەبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە تا کاتژمێر ١:٣٠ خولەکی بەرە بەیانی بەردەوام بوو دواتر مەهران و چەند هاوکارێکی ئازادکران.

ڕۆژی دواتر، مەهران سەردانی بنکەکەی ئاسایشی کردەوە بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایلەکەی. کارمەندانی ئاسایش ڕەتیان کردەوە کە مۆبایلەکەی بۆ بگەڕێننەوە و داوای وشەی تێپەڕ "پاسۆردی" مۆبایلەکەیان لە مەهران کرد. سەرباری ئەوەی کە مەهران بۆی ڕوونکردنەوە کە ئەوە مۆبایلی کەسییە و هی شوێنی کارەکەی نیە، بەڵام ئەوان سوربوون لەسەر کردنەوەی مۆبایلەکەی و بۆماوەی ٢٠ خولەک مۆبایلەکەیان پشکنی. 

یەکێکی تر لەو ڕۆژنامەوانانەی کە ڕووماڵی ڕووداوەکەی دەکرد، چاوەڕوان مەحموود بوو. چاوەڕوان بە هۆی نەخۆشییەوە ئەو ڕۆژە لە ئەرکدا نەبوو و پشووی وەردەگرت.  بەڵام بۆ ڕووماڵی گۆڕانکارییەکانی ئەو ئێوارەیە، چاوەڕوان بڕیاریدا بچێت بۆ شوێنی خۆپێشاندانەکە و خوشکەکەشی لەگەڵ خۆیدا برد.

بە سودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی پێشووتری، بۆ سەلامەتی خۆی و پاراستنی کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانی، چاوەڕوان لە مەودایەکی دووترەوە ڕووماڵی ڕووداوەکەی ئەو شەوەی دەکرد. بینی کە نەوجەوانەکان بەرد دەهاوێژنە تانکەرەکان. چاوەڕوان ڤیدیۆی ئەو توندتیژییانەی لە دوورەوە تۆماردەکرد. کاتێک بینی کە هێزە ئەمنییەکان تووندوتیژی بەرامبەر هاوکارە ڕۆژنامەوانەکانی لە میدیاکانی تر دەکەن، ئەو مایکرۆفۆن و مۆبایلەکەی لە ژێر ملپێچەکەیدا شاردەوە، بەڵام ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بە جلوبەرگی مەدەنییەوە لە چاوەڕوان نزیک بۆوە و داوای مایکرۆفۆنەکەی لێکرد. کاتێک چاوەڕوان گووتی تۆ کێی، ئەو کارمەندەی ئاسایش دەمانچەکەی نیشاندا. ئەو کارمەندەی ئاسایش بە چاوەڕوانی گووت ئەگەر مایکرۆفۆنەکەت تەسلیم نەکەیت ئەوا زەرەر دەکەیت. مۆبایلی هاوکارێکی چاوەڕوان بە ناوی فاخر دەستی بەسەردا گیرابوو. هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان لە جوڵەی ڕۆژنامەوانەکان دەگرت. ئاڵۆزییەکانی ئەو شوێنە و فڕیدانە خوارەوەی مەهران لە ئۆتۆمبێلی ئاسایش وایکرد کە چاوەڕوان بچێتە لای مەهران و هەوڵبدات لە شوێنەکە دەربچێت.

لەکاتی ڕاکردن و دوورکەوتنەوەی لە شوێنی ڕووداوەکە، چاوەڕوان بە زەویدا کەوت. ئازار بەر ئەژنۆکانی کەوت. هەندێک پیاو دەیانوێست یارمەتییان پێشکەش بکەن، بەڵام چاوەڕوان گوومانی لێیان هەبوو پێی وابوو هێزی ئەمنین بە جلی مەدەنییەوە بۆیە یارمەتی ئەوانی ڕەتکردەوە. دواتر بە ئۆتۆمبێلی هاوکارەکەیان لە شوێنەکە دەرچوون و ڕۆشتن بۆ نەخۆشخانە. 

لەسەرەتادا، کارمەندانی نەخۆشخانە ڕەتیان کردەوە کە بەبێ مۆڵەتی ئاسایش چارەسەر پێشکەشی چاوەڕوان بکەن. چاوەڕوان تاوەکو کاتژمێر ٣:٠٠ی بەیانی لە نەخۆشخانە مایەوە و دواتر نەخۆشخانەی بەجێهێشت. ڕۆژی ئایندە چوو بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەهلی کە بەبێ مۆڵەتی ئاسایشیش چارەسەریان پێشکەشدەکرد. پزیشکەکان گووتیان کە ئەژنۆی بە سەختی برینداربووە و گورچیلەکانی ئاوساون و پێویستی بە چارەسەرە.

محەمەد مەڕوان کە ڕۆژنامەوانێکی ترە و لە کاتی ڕووداوەکەدا لە پشوودابوو. کاتێک کە بیستی ئاڵۆزی و توندوتیژی لە خۆپێشاندەکەدا ڕوویداووە، بەپەلە خۆی گەیاندە شوێنی ڕووداوەکە بۆ ڕوومالکرد کە شوێنەکە لە شوێنی نیشتەجێبوونیەوە نزیکە. ڤیدیۆیەکی کورتی گرژی و ئاڵۆزییەکانی تۆمارکرد و ناردی بۆ بڵاوکردنەوە. لە ڤیدیۆکەدا گوێت لە دەنگی محەمەد دەبێت کە دەڵێت " بە جلی مەدەنییەوە هێرش دەکەنە سەر خۆپێشاندەران".

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە ئاسایش هەوڵیدەدا بزانێت کە کێ ئەم ڤیدیۆیەی تۆمارکردووە. یەکێک لە مامۆستا خۆپێشاندەرەکان بە محەمەدی گووت کە پێویستە شوێنەکە بەجێبهێڵێت. محەمەد بەپەلە شوێنەکەی جێهێشت و کەلوپەلەکانیشی لەدوای خۆی بەجێهێشت. شوێنێکی دۆزیەوە کە خۆی تیادا پەنا بدات و ڤیدیۆی زیاتر بۆ دەزگاکەی بنێرێت. لە پڕێکدا دەیان کارمەندی ئاسایش بەرەوڕووی هاتن. داوای ناسنامەی ڕۆژنامەوانییان لە محەمەد کرد. ئازاریاندا و تەنانەت ملپێچەکەیان لە قورگی گرێدا.

دوای دەستگیرکردنی محەمەد گوازرایەوە بۆ بنکەی ئاسایش و هەموو کەلوپەلەکانیشی لەوێ دەستیان بەسەرداگیرابوو. محەمەد بەهۆی هاوکاری میدیاکەی و پەیوەندی کەسییەوە ئازادکرا. لەدوای ئازادکردنی، مۆبایل و کەلوپەلەکانی تر بە محەمەد درانەوە، بەڵام کامێراکەی محەمەد تاوەکو ئێستاش دەستیبەسەرداگیراوە کە کامێرای کەسی خۆیەتی. 

ڕەنجدەر ئەمین بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ڕووماڵی خۆپێشاندانەکانی دەکرد. سەرنجی میدیایی ڕەنجدەر لەسەر پەیوەندی نێوان خۆپێشاندەران و شۆفێرانی تانکەرەکان بوو. ئێوارەی ڕۆژی دووەم، ڕەنجدەر هەواڵی ئەوەی پیگەیشت کە خۆپێشاندەران کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدەدەن، بۆیە کەلوپەلەکانی کۆکردەوە و خۆی گەیاندە شوێنی گردبوونەوەکە. کاتێک کە ناڕەزایەتییەکە گرژی لێکەوتەوە، ئەو ڕۆژنامەوانە چوو کامێراکەی بهێنێت کە لەژێر خێمەی خۆپێشاندەراندا بوو، بەڵام لەلایەن کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کە جلی مەدەنی لەبەردابوو وەستێنرا و پرسیاری ئەوەی لێکرا کە کێیە و چی دەکات لەم شوێنە. ڕەنجدەر بە کارمەندەکەی گووت کە ئەو میدیاکارە و لەدوای ئەوە دەستگیرکرا. لەگەڵ ڕەنجدەردا هەشت کەسی تر کە خۆپێشاندەر و خەڵکی تر بوون دەستگیرکران. 

لە بنکەی ئاسایشدا، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ڕەنجدەر کرا لەسەر ئەوەی کە مایکرۆفۆنی پێبووە. ئەمە لە کاتێکدا کە مایکرۆفۆنەکەی ڕەنجدەر ئامێری وەرگری لەگەڵدا نەبووە و توانای تۆمارکردن و وەرگرتنی هیچ دەنگێکی نەبووە.

هیوا فاروق کە میدیاکارێکی ترە، بۆ ڕووماڵی خۆپێشاندانەکەی ئەو شەوە لەوێ بوو. ڕووماڵی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی چەند پەرلەمانتارێکی دەکرد. کاتێک خۆپێشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە، هیوا لەلایەن پێنج کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کە جلی مەدەنییان لەبەردابوو، دەستگیرکرا و خرایە ئۆتۆمبێلی ئاسایشەوە. دەستیان بەسەر کامێراکەی داگرت. ئازاری جەستەیی هیوایان دا و سوکایەتییان پێکرد. مۆبایلەکەیان پشکنی بۆئەوەی بزانن کە ئاخۆ ڤیدیۆ و وێنەی کاتی توندوتیژییەکانی تۆمارکردووە یاخود نا. هیچ ڤیدیۆ و وێنەیەکیان لە مۆبایکلەکەیدا نەدۆزیەوە بەڵام بەردەوام بوون لە سوکایەتیکردن پێی. هیوا خرابووە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکە و سەرباری ئازاری جەستەیی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە ئۆتۆمبێلەکەدا ڕاگیرا. ئەویش هەروەکو ڕۆژنامەوانەکانی تر، بەبێ هیچ فەرمانێکی دادوەری دەستگیرکرابوو بەهەمان شێوەش بەهۆی پەیوەندی کەسی و سیاسییەوە ئازادکرا.

بەگشتی لەو خۆپێشاندانەدا دوازدە ڕۆژنامەوان و میدیاکار لەپاڵ دەیان خۆپێشاندەر دەستگیرکران و پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامدرا. کەلوپەلی هەندێک لەو میدیاکارانە تاوەکو ئێستاش لەلایەن ئاسایشەوە دەستی بەسەرداگیراوە. هیچ کەسێک نابێت ڕووبەڕوی مامەڵەی لەم شێوەیە بکرێتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی کاری پیشەیی خۆی دەکات. بەڵام سوکایەتی پێکردن و سەرکوتکردنی ئازادی کاری میدیایی گرفتێکی گەورە ترە. ئەوە پێشێلکارییە بەرامبەر بینەر و بیسەر و خوێنەران کە مافی ئەوەیان هەیە ڕووداوەکانییان بە ڕاستگۆیی بۆ بگوازرێتەوە. ئەوە هەڕەشەیە بۆسەر دیموکراسی کە بەرقەراربوونی دیموکراسی پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی بە ئاگا و دەسەڵاتێکی بەرپرسیار هەیە.

یەکەمجار نیە کە میدیاکاران و ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستاندا ڕووبەروی سەرکوتکردن و پێشێلکاری دەبنەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندان ڕۆژنامەوان و زیندانی کراون و تەنانەت هەندێک جار تیرۆریش کراون. لە ئێستادا هەر سێ ڕۆژنامەوان، شێروان شێروان، ئومێد بەروشکی و قارەمان شوکری لە زینداندان و بەهۆی کارە ڕۆژنامەوانییەکانییانەوە ڕووبەڕوی سزای قورس بوونەتەوە.

گرنگە ئەوە بگوترێت کە زۆرێک لە خۆپێشاندەران بڕوایان وایە کە ئەوانەی بەردیان لە تانکەرەکان دەگرت و توندوتیژییان دەنواند خۆپێشاندەر نەبوون و ڕاسپێردرابوون بۆ تێکدانی بارودۆخەکە. کە ئەمەش تێکدانی پەیامی ئاشتییانەی خەڵکانی ناڕازییە و هەڕەشەیە بۆسەر ئازادی ڕادەربڕین.

پێویستە لە بیر نەکرێت کە هۆکاری ئەم خۆپێشاندانانە ناڕەزایەتی خەڵکە لە چۆنیەتی گلدانەوەی داهاتی نەوت و داهاتەکانی تر بۆ حزب و خانەوادە سیاسییەکان و گومانی خەڵکە لە چۆنیەتی خەرجکردنی سامانی ووڵات کە ئەمە بووەتە هۆی سەرچاوەی کێشەکان و بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە. ئەو سەرکوتکارییانەی کە لێرەدا باسیان لێوەکراوە، پێشێلکاری هەڕەمەکی نین بەڵکو ڕێگریکردنی مەبەستدارانەن لە ناڕەزایەتی و سەرنجی میدیا بۆ سەر بازرگانی نا ڕەوا و پەوەندی قووڵی سیاسی. تاوەکو زیاتر لە چیرۆکی ئەم پێشێلکارییانە ووردببیتەوە، زیاتر لە پێشێلکاری باس نەکراوی سیاسەتی حکومڕانی هەرێمی کوردستان تێدەگەیت.

cptik