ئاشتی سارد: ئاگربەستێک بەبێ وەستاندنی لەشکرکێشی و جموجوڵی سەربازی
ئاشتی سارد: ئاگربەستێک بەبێ وەستاندنی لەشکرکێشی و جموجوڵی سەربازی
هەرچەندە، مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە یەکەمین مانگ دادەنرێت کە لەساڵی ٢٠١٥ (کۆتایی پڕۆسەی ئاشتی پێشوو)ەوە سوپای تورکیا هیچ بۆردوومانێکی تێدا ئەنجام نەدابێت، بەڵام لەشکرکێشی سوپای تورکیا و جموجۆڵی چەکداری گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە زیادبووندان.
حەوت مانگ بەسەر ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکە و سێ مانگیش بەسەر مەراسیمی سیمبوڵی چەکدانانی چەند گەریلایەکی ئەو حزبە تێدەپەڕێت. هاوتا لەگەڵ ئەوەی کە دانوستانەکانی ئاشتی و جێبەجێکردنی بەرپرسیاریەتی لایەنەکان پێدەنێتە قۆناغێکی قوڵتری گفتوگۆکان، مانگی ئەیلوول، بەبێ بۆردوومان و هێرشی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان تێپەڕی کە ئەمەش یەکەم جارە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ و کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئاشتی پێشوو، مانگێک بە بێ هێرش و بۆردوومان تێپەڕێت. کەمبوونەوەی هێرش و بۆردوومانەکان لە مانگی تەمووز و ئابەوە دەستیپێکرد کە بە ڕێژەی ٩٧٪ ژمارەی هێرشەکان کەمبوونەوە. سەرباری کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی هێرشەکان، لەشکرکێشی سەربازی و جموجۆڵی چەکداری هەردوو لا بەردەوامە لە زیادبوون.
لە نێوان ١ی تەمووز "مەراسیمی سیمولی چەکدانان لە ١١ی تەمووزدا بەڕێوەچوو" بۆ ٣٠ی ئەیلوول، سوپای تورکیا، بەلایەنی کەمەوە (٣٤) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. کەمبوونەوەی هێرشەکانیش لە مانگی تەمووزدا دەستیپێکرد و تاوەکو لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتە ڕاوەستانی تەواوەتی بۆردوومانەکان. لەم هێرشانە، (٣٢)یان تۆپباران بوون، یەک هێرش لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشێکی تریش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە ئەنجامدراوە. لە مانگی تەمووزدا (١٨) هێرش و لە مانگی ئابدا (١٦) هێرش ئەنجامدراوە، بەڵام لە مانگی ئەیلوولدا هیچ هێرشێک ئەنجامنەدراوە. لە ٩٧٪ی ئەو هێرشانە بۆسەر سنوری قەزای ئامێدی بووە و تەنیا یەک هێرش بۆسەر سنوری پارێزگای سلێمانی بووە کە ئەویش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە لە سنوری قەزای پێنجوێن ئەنجامدراوە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە ١ی ئازار تاوەکو ٣٠ی حوزەیران، سوپای تورکیا (١٣٩٠) هێرش و بۆردوومانی ئەنجامدابو و لە هەر مانگێکیشدا، ژمارەی هێرشەکان تاوەکو مانگی تەمووز لە زیادبووندابوون. لەو هێرشانە (١١٥٧) هێرشیان لە ڕیگەی تۆپباران، ٤٠ هێرش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، دوو هێرش لە ڕێگەی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ بوون و یەک ڕووداوی تەقینەوەی بۆمبی نەتەقیویش تۆمارکراوە.
سەرباری ڕاگرتنی بۆردوومانەکان بەتەواوەتی و بێدەنگکردنی چەکەکان لەمانگی ئەیلوولدا، هەردوو لا بەردەوامبوون لە جموجۆڵی سەربازی و بەرفراوانکردنی ئامادەیی سەربازی و چەکدارییان لەناو هەرێمی کوردستاندا. بەردەوامی ئەو بە سەربازگەکردن و جموجۆڵییە چەکدارییانە، بوونەتە هۆی بەردەوامی ڕێگریکردن لە جموجۆڵ و هاتوچۆی هاووڵاتییانی مەدەنی. تەنانەت لە هەندێک ناوچە، ڕێگریکردنی تەواوەتی لە هاتوچۆی هاووڵاتییان و گوندنشینان بەدیدەکرێت و ئاوارەبوون و چۆڵکردنی گوندەکانیش لە بەردەوامیدایە. بۆ نمونە، لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ئابدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری حەوت گوندی (دەڤەری نهێلێ)ی لە قەزای ئامێدی کرد کە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ڕەز و باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانییان. بەڵام لە ڕۆژی ٢٣ی ئابدا، کاتێک هاووڵاتییانی گوندی (گوهەرزێ) هەوڵیاندا بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باخەکانییان، لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە دەستگیرکران. دوای نزیکەی کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنیان هەموویان ئازادکران بەڵام ئاگادارکرانەوە کە ڕەز و باخەکانییان جێبهێڵن. لە هەمان ڕۆژدا، دانیشتووانی گوندەکانی (بەلاڤە و بەرچێ) و چوار گوندی تر بەهەمان شێوە ڕێگریان لێکرا کە بگەڕێنەوە سەر کێڵگە کشتوکاڵییەکانییان. هەروەها لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئابدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری گوندنشینانی ئاوارەبووی ١٥ گوندی دەڤەری (بەری گارێ)ی کرد کە لە کاتژمێر (٨:٠٠)ی بەیانی بۆ کاتژمێر (٥:٠٠)ی ئێوارە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باخی گوندەکانییان " کە ماوەی ١٤ مانگە بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیاوە ئاوارەبوون" و لەو کاتژمێرانەدا، کاری جوتیاری خۆیان بکەن و دواتر گوندەکانییان جێبهێڵن. ئەو جوتیارانەی کە توانیبویان بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانییان، بە تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تییان ڕاگەیاند، کە زیاتر لە (٥٠) خانووی هاووڵاتییانی مەدەنی لە گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ، گرگاشێ و دێرەشێ) بەهۆی بۆردوومانی ئاسمانی سوپای تورکیاوە بەتەواوی وێران بوون. سەرباری وێران کردنی شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی، قوتابخانە، بنکەیەکی تەندروستی، چەند مزگەوتێک بەهۆی بۆردوومانەکانەوە یان وێران
بوون یاخود زیانیان بەرکەوتووە.
سوپای تورکیا نەک هەر سوپاکەی لە هەرێمی کوردستان نەکشاندۆتەوە، بەڵکو ئامادەیی سەربازی لە ناوچەکاندا بەرفراوانتر کردووە. بۆ نموونە، سوپای تورکیا بارەگا سەربازییەکانی لە سەر زنجیرە چیای مەتینا، بەهێزتر و پتەوتر کردووە و سوپاکە دەستیکردووە بە دروستکردنی تۆڕی ڕێگاوبانی سەربازی بۆ بەیەکەوەبەستنی تەواوی بارەگا سەربازییەکانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین لە دەڤەری ئامێدی. هەروەها، لە ڕۆژی ١٤ی ئەیلوولدا، سوپای تورکیا ڕێگایەکی نوێی لە بارەگا سەربازییەکەی گوندی (کەشان) لە قەزای باتیفا بۆ ناو گوندەکە تەواوکرد، ئەمەش پێشهاتێکی نوێیە کە سوپای تورکیا دەستیکردووە بە دروستکردنی ڕێگا لە بارەگا سەربازییەکانییەوە بۆ ناو گوند و ناوچە ئاوەدانەکان. هەمان گۆڕانکاری و دروستکردنی ڕێگای سەربازی بۆ ناو گوندەکان، لە سەرەتای مانگی ئەیلوول لەناو گوندی (سەرگەلێ) لە قەزای ئامێدی تێبینیکرا. لەوە زیاتر، لە نێوان ١٥ی ئەیلوول بۆ ١ی تشرینی یەکەم، سوپای تورکیا دەستیکرد بە هەڵمەتێکی دار بڕینەوە لە ناوچەی کۆنتڕۆڵکراوی زاپ. پاش بڕینەوەی دارەکان، سەربازەکان بە تراکتۆر دارە بڕدراوەکانیان دەگواستەوە بۆ تورکیا. بەهەمان شێوە، گەریلاکانی پەکەکە و گروپە هاوپەیوەستەکانی ئەو حزبە، دەستیانکردووە بە بەهێزکردنی توانای سەربازی خۆیان و دورستکردنی تونێل و ڕێڕەوی زەمینی لە ناوچەکانی قەندیل، ئاسۆس و گارا. هەروەها تاوەکو ئێستا گەریلاکانی پەکەکە، چەکیان لەدەستدایە و چەکەکانیان دانەناوە.
ڤیدیۆی گواستنەوەی دارەکان
بەگشتی، پڕۆسەی ئاشتی بووەتە مایەی ئاگربەست و ڕاگرتنی تەواوەتی بۆردوومان و هێرشەکان، بەڵام زیادبوونی ئامادەیی سەربازی و جموجۆڵی چەکداری هەردوو لای شەڕەکە، بوونەتە هۆی لاوازکردنی پڕۆسەی ئاشتی و هەستیاربوونی دۆخەکە. لە ئەنجامی بەردەوامبوونی لەشکرکێشییەکانیش، کاریگەری جەنگ و ئاوارەبوون بەسەر هاووڵاتییانی مەدەنیدا ماوەتەوە.
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، بانگەواز لە دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات کە بەتەواوی بەشداری پڕۆسەی ئاشتی بکەن و هەموو جۆرە جموجۆڵێکی سەربازی و چەکداری و فراوانکردنی ئامادەیی سەربازی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕابگرن. هەروەها CPT داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە ڕۆڵیان هەبێت لەم پڕۆسەی ئاشتییەدا و دڵنیاببنەوە لەوەی کە هاووڵاتییانی مەدەنی بە بێ ئەوەی ترسیان هەبێت کە بەئامانجبگیرێن بتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ڕەز و باخ و گوندەکانی خۆیان.
CPTتیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی