ڕاپۆرتی چاودێری تیمی کوردستانی عێراقی CPT بۆ پڕۆسەی دادگاییکردنی ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی
ڕاپۆرتی چاودێری تیمی کوردستانی عێراقی CPT بۆ پڕۆسەی دادگاییکردنی ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی
مامەڵەی دوژمنکارانە و ناداپەروەرانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەرامبەر بە ڕۆژنامەوان (شێروان شێروانی) و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
سەر لەبەیانی ڕۆژی ١٩ی ئابی ٢٠٢٥، دانیشتنی دادگاییکردنی ڕۆژنامەوانی زیندانیکراو، شێروان شێروانی لەسەر کەیسێکی نوێ، لە دادگای کەتنی بنەسڵاوە بەڕێوەچوو.
دوای دوو کاتژمێر لە دادگاییکردن، شێروان شێروانی، بە گوێرەی ماددەی (٢٢٩) لە یاسای ژمارە (١١١)ی سزادانی عێراقی، بە هەڕەشەکردن لە فەرمانبەرێکی ئەمنی ناو زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر تاوانبارکرا و دواتریش بە (٤) ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن، حوکمدرا.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، نوێنەرایەتی کۆنسوڵخانەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتی و چەند پەرلەمانتارێک چاودێری پڕۆسەی دادگاییکردنەکەیان کرد. تیمی CPT، چەندین پێشێلکاری زەق و ئاشکرای لە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی دادگاییەکە تۆمارکرد، کە بریتی بوون لە:
١- پارێزەرەکان مافی بینینی تەواوەتی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و پێشکەشکردنی پەڕاو و داواکاریان پێ نەدرابوو.
٢- ناوەوەی دادگا و دەرەوەی باڵەخانەی دادگا، بەسەربازگە کرابوو. هەروەها چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان، بە جلی مەدەنی و بە چەکەوە لە ناو چاودێرانی پڕۆسەکە، خانەوادە و هاوکارانی شێروان بڵاوەیان پێکرابوو.
٣- سکاڵاکار، بانگەشەی هەبوونی دوو گەواهیدەری دەکرد، کە گوایە لەو کاتەی کە شێروان هەڕەشەی لێکردووە ئامادەییان هەبووە. شێروان ڕەتی کردەوە کە هیچ هەڕەشەیەکی کردبێت و هیچ گەواهیدەرێکیش بۆ ئەوە هەبێت، بۆیە داوای هێنانی بەڵگەی ڤیدیۆیی کرد بۆ ئەم ڕووداوە. بە بیانووی ئەوەی کە لەم ڕۆژەدا، کامێراکانی چاودێری، ڤیدیۆکانی تۆمار نەکردووە، هیچ ڤیدیۆیەک وەکو بەڵگە پێشکەش بە دادگا نەکرا.
٤- کۆمەڵێک پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو بەڵگە پێشکەش کرابوون، کە سکاڵاکار ئاماژەی بەوەدا، سوکایەتی پێکراوە و ناوی زڕێندراوە. بەڵام کاتی بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆکان کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٢ و ٢٠٢٣)، شێروان شێروانی لە زینداندا بووە و هیچ کەسێکیش لە زینداندا ڕێگەپێدانی نیە بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. چۆن دەکرێت ڤیدیۆیەک کە ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی بڵاوی نەکردبێتەوە و لە کاتی بڵاوکردنەوەشیدا لە زیندان بووبێت، بخرێتە پاڵی و وەکو بەڵگە وەربگیرێت؟!.
٥- بەگوێرەی ئەو ماددە یاساییەی کە شێروان شێروانی پێ تاوانبار کراوە، قورسترین سزا بۆ کەسی تاوانبار (٢) ساڵە کە ئەگەر هەڕەشە یاخود سوکایەتی بەرامبەر بە بەرپرسێک، فەرمانبەرێکی حکومی یاخود لایەنێکی حکومی بکات. خۆ ئەگەر هەڕەشە و پەلامارەکە، بەرامبەر بە دادوەرێک، دادگایەکی یاسایی یان کارگێڕی، یاخود ئەنجومەنێکی دادوەری بوو، ئەوا قورسترین سزا بۆ تاوانبار (٣) ساڵ دەبێت. بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە، کە بەگوێرەی هەمان ماددەی یاسایی، ئەمڕۆ شێروان شێروانی بە قورسترین شێوە و بە (٤) ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا.
٦- بەبیانووی، نەبوونی شوێنی پێویست، زۆرینەی چاودێرانی کۆنسوڵخانەکان، ڕێکخراوەکان، پەرلەمانتاران و تەنانەت خانەوادەی شێروان شێروانی ڕێگریان لێکرا چاودێری پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بکەن.
٧- لە دوای تەواوی بوونی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە، بەشێک لە ڕۆژنامەوانان، چالاکوانان و خانەوادەی شێروان شێروانی لەبەردەم باڵەخانەی دادگاکە، ناڕەزایەتی مەدەنییان دەربڕی، بەڵام کۆمەڵێک خەڵکی چەکدار، بە جلی مەدەنییەوە هێرشیان کردە سەر بەشدارانی ناڕەزایەتییەکە و بە لێدان و ئەشکەنجەدان بڵاوەیان پێکردن.
ئێمە لە تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ناڕەزایەتی قوڵی خۆمان بەرامبەر بە بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین، ترساندن و تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژنامەوانان دەردەبڕین. بەردەوامی مامەڵەی دوژمنکارانە و حوکمی نادادپەروەرانە بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ مەوداکانی ئازادی ڕادەربڕین بەرتەسک دەکەنەوە و هەڕەشەی جددی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دروستدەکەن.
داواکارین سەرجەم ناوەندەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ، کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی ووڵاتان، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، فشاری جددی بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سزادانی شێروان شێروانی لە قۆناغی (پێداچوونەوە)دا.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT