پێشێلکارییەکانی ئازادی ڕادەربڕین لە مانگی تەمووزدا، کە بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراون.

مانگی تەمووز، یەکێک بوو لەو مانگانەی ساڵی ٢٠٢٥ کە زۆرترین ڕێژەی پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە لایەن بەرپرسانی حکومی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە تیایدا تۆمارکراوە. لە مانگی تەمووزدا نۆ ڕووداوی دەستگیرکردن، یەک هەوڵدان بۆ دەستگیرکردن، یەک ڕووداوی کوشتن، حەوت ڕووداوی بریندارکردن و چوار ڕووداوی تر کە تیایدا (١٨) ڕۆژنامەوان ڕێگرییان لێکراوە کاری میدیای خۆیان ئەنجام بدەن تۆمارکراوە. زیادبوونی ڕێژەی پێشێلکارییەکان هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی ناڕەزایەتییەکان و سەرنجی میدیایی لەسەر دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی میری، کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، دروستبوونی گرژی لە نێوان سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان لەسەر بابەتی زەوی و زار،  هەروەها ئەنجامنەدانی ڕێکاری پێویست و دروست لە کاتی خۆیدا بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو زەوییە کێشە لەسەرانە.

لەدوای گفتوگۆکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییە خۆجێییەکان و شرۆڤەکردنی زیاتربوونی ڕێژەی پێشێلکارییەکان، ئەوە بەدیار کەوت کە بەرپرسانی ئەمنی پێیان وایە، بەهۆی نا سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هەروەها ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی لە ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییاندا، ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە مانگی تەمووزدا سەلامەت نەبووە. بەڵام کاتی ئەنجامدانی ئەو پێشێلکاری و سەرکوتکردنانە بەرامبەر چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان هاوکاتە لەگەڵ نزیک بوونەوە لە کاتی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیار وایە لە کۆتای ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت. هەردەم لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنەکان، بەرپرسانی حکومی و لایەنە سیاسییەکان زیاتر هەستیار دەبن بەرامبەر بە ڕەخنە، ناڕەزایەتی گشتی، چالاکی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و میدیا سەربەخۆکان. 

پێشێلکارییەکان 

١ی تەمووزی ٢٠٢٥

دڵشاد شەعبان زێباری

دڵشاد زێباری چالاکوانێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە لە قەزای ئاکرێ کە بە ڕەخنەگرتنەکانی لەسەر گەندەڵییەکانی دەسەڵات و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران ناسراوە. لە ڕێکەوتی ١ی تەمووزی ٢٠٢٥دا، لەسەر ڕەخنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستگیردەکرێت و تا ڕێکەوتی ٨ی تەمووزی ٢٠٢٥ دەستبەسەر دەکرێت.

٩ی تەمووزی ٢٠٢٥

ڕۆژنامەوانانی وێستگە نیوز و NRT

لە کاتی ڕوماڵکردنی  پێکدادانە چەکدارییەکەی نێوان عەشیرەتی هەرکی و هێزە ئەمنییەکانی هەولێر، ڕۆژنامەوانانی هەردوو میدیای وێستگە نیوز و کەناڵی NRT دەستبەسەردەکرێن، هەڕەشەیان لێ دەکرێت و لێیان دەدرێت. (ڕزگار کامیل) کە ڕۆژنامەوانی وێستگە نیوزە، لە کاتی ڕوماڵکردندا دەستگیرکرا و پاش ٢٤ کاتژمێر بە کەفالەت ئازاد کرا. هەردوو ڕۆژنامەوان (تایف عادل سالم و ڕەیان صدیق)، میدیاکار لە کەناڵی NRT، بەهەمان شێوە دەستگیرکران و پاش ئەشکەنجەدان لە تەوالێتدا زیندانیکران، تاوەکو پاش ٢٤ کاتژمێر بە کەفالەت ئازاد کران. لەدوای ئازادکردنی، ڕۆژنامەوان (تایف عادل سالم) بەهۆی بەردەوامی لە  کارە ڕۆژنامەوانییەکانی، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ( وەتس ئەپ)ەوە هەڕەشەی لێدەکرێت .


١٠ و ١٣ی تەمووزی ٢٠٢٥

حەسەن ڕەحمان سەربەرزی: لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆپێشاندانی هاووڵاتیانی گوندی سەرنەوس لە دژی کەمی کارەبا، خۆپێشاندەرێک کوژرا و دوو هاووڵاتی تریش برینداربوون.

لە ڕۆژی ١٠ی تەمووزدا، دانیشتووانی گوندی سەرنەوس لە سنوری ناحیەی وەرتێ لە پارێزگای هەولێر، لە دژی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا، خۆپێشاندانییان ئەنجامدا. لە وەڵامی داواکاری خۆپێشاندەراندا، بەرپرسانی ناوچەکە بەڵێنییاندا کە لەماوەی دوو ڕۆژدا کێشەی کەمی کارەبا لە ناوچەکەدا چارەسەر بکەن. لە دوای تێپەڕینی وادەی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و بەردەوامی کەمی کاتژمێرەکانی کارەبا، دانیشتووانی گوندی سەرنەوس لە ڕۆژی ١٣ی تەمووزدا، بۆ جاری دووەم خۆپێشاندانییان ئەنجامدا. لەکاتی هەوڵدان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندانەکە، کەسێکی چەکداری ناو هێزە ئەمنییەکان، تەقەی کرد و لە ئەنجامدا هاووڵاتی (حەسەن ڕەحمان) کوژرا و دوو خۆپێشاندەری تریش برینداربوون.

١٤ی تەمووزی ٢٠٢٥

ئامانج ئە‌حمەد وەرتی

لە ڕۆژی ١٤ی تەمووزدا، سێ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان هەوڵی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوان و چالاکوان (ئامانج وەرتی)ییاندا. ئامانج بانگەوازی دەکرد بۆ دەستگیرکردنی بکوژی خۆپێشاندەرەکەی ناڕەزایەتییەکانی گوندی سەرنەوس و سنوری ناحیەی وەرتێ. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لەکاتی گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان، ئامانج لە ماڵەوە نەبوو، هەوڵی دەستگیرکردنەکە شکستی هێنا. لە ڕۆژی دواتردا، بەهۆی پشتیوانی خەڵکی ناوچەکە و نێوەندگیری چەند بەرپرسێکی حکومی، هێزە ئەمنییەکان دەستیان هەڵگرت لە هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی ئامانج وەرتی.

١٤ی تەمووزی ٢٠٢٥

خۆپیشاندان و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لە شاری هەولێر

لە خۆپیشاندانێکی شاری هەولێردا لە گەڕەکی عەنکاوە چەندین ڕۆژنامەوان لە میدیای جیاوازەوە ڕێگیریان لێکرا لە ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانەکە و بەشێکیشیان سوکایەتیان بەرامبەر کرا، دەستگیرکران و لێیاندراو دەست بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا گیرا. لەو ڕۆژنامەوانانەش لە کەناڵی NRT(‌هێرش قادر، عەلی عەبدولهادی و ئازاد سەعید)، کەناڵی سپێدە (هیوا فەقیانی، نەبەز گورزەی و محەمەد گەنجۆ)، وێستگە نیوز(شاهین فوئاد) و لە ئاپۆرا نیوز(ئەحمەد شاخەوان). لە پاڵ ئەمەدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە ناکۆکیەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی موچە، هەردوو چالاکوان (ڕەعد ڕەفعەت و بەیاد عەلی) دەستگیرکران و دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەسەرکردنیان ئازادکران. هەر لە هەمان کاتدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سوکایەتی بەرامبەر کۆمەڵێك ڕۆژنامەوان کرا و دەست بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا گیرا دواتر لە کۆتایی ڕۆژەکەدا کەلوپەلەکان بە ڕۆژنامەوانەکان درایەوە؛ لەوانەش ستافی ڕۆژنامەوانی ئاپۆرا نیوز (دیاکۆ حوسێن، مەسعود ڕەسوڵ و طەیب ڕەزا) و ستافی زووم نیوز (کاروان حەمە ساڵح، ئیسماعیل محمد و شێروان مەولود).

١٦ی تەمووزی ٢٠٢٥

شوان سابیر مستەفا

لە ڕۆژی ١٦ی تەمووزدا، گروپێک چەکدار بە جلی مەدەنییەوە، هێرشیان کردە سەر (شوان سابیر) لێکۆڵەری دادی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم. چەکدارەکان بۆ ماوەی پێنج خولەک بەردەوام بوون لە لێدان و ئەشکەنجەدانی شوان، هەروەها بە شوانییان گوت لە ئەگەری بەردەوامی لە ڕەخنە گرتن لە حکومەتی هەرێم، ئەوا جاری ئایندە دەیکوژن. دوو ڕۆژ بەر لە ڕووداوەکە، شوان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک، نوسینێکی بڵاوکردبۆوە و داوای لە (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردبوو کە دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە. لە دوای ڕووداوەکە، شوان سکاڵای لەسەر هێرشکەرەکان تۆمار کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەم هێرشە دەستگیرنەکراوە.

٢٢ و ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٥

ستافی کەناڵی NRT

لە ڕێکەوتی ٢٢ی تەمووزدا، ستافی ڕۆژنامەوانی کەناڵی NRT ڕێگریان لێکرا لەڕووماڵکردنی کەوتنەوەی ئاگر لە مۆڵێکی شاری هەولێر. چەند ڕۆژێک دواتر و بە هەمان شێوە لە کاتی خۆپێشاندانێک لە گەڕەکی خەبات، دووبارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگری لە ستافی کەناڵی NRT کرا بۆ ڕووماڵکردنی خۆپێشاندانەکە.

٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٥

ستافی ئاڤا میدیا

لە ڕێکەوتی ٢٣ی تەمووزدا، لەکاتی ئەنجامدانی کاری میدیایی خۆیاندا، دوو کارمەندی کەناڵی ئاڤا میدیا، بە  ناوەکانی (ژیوار عەبدولڕەحمان و محەمەد سەعید) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکران و پاش یەک کاتژمێر لە پرسیار و لێکۆڵینەوە ئازادکران.

٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٥

ئومێد بەروشکی

لە پاش زیندانیکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەوان ئومێد بەروشکی بۆ ماوەی شەش مانگ، بڕیار وابوو کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٥دا ئازادبکرێت. بەڵام لە لایەن دادگای کەتنی دهۆکەوە سزاکەی بۆ ماوەی ٦ مانگی دیکە درێژکرایەوە لەژێر بڕیارێکی دادگا کە لە ساڵی (٢٠٢١) دا دراوە. لە هەردوو کەیسەکەدا، ئومێد بەروشکی بەپێی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی (٢٠٠٨) و بە تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن تاوانبارکراوە، کە ئەم یاسایە بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ دادگایکردن و سزادانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان بەکاردەهێندرێت.

٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٥

شادۆست فەرهاد  

لە ڕێکەوتی ٢٨ی تەمووزدا، پەیامنێری کەناڵی زووم نیوز، (شادۆست فەرهاد) بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست سەبارەت بە موچەی هێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا و لەدوای ڕۆژێک لە دەستبەسەرکردنی ئازادکرا.

 نوێترین زانیارییەکان سەبارەت بە کەیسی زیندانیکراوی بادینان، شێروان شێروانی

(شێروان شێروانی) یەکێکە لەو ڕۆژنامەوان و چالاکوانانەی بادینان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین و ئەنجامدانی خۆپێشاندان لە دژی گەندەڵی حکومەت، دەستگیرکران. لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢١، شێروان و چوار لە هاوکارەکانی، بە تۆمەتی (ھەوڵدان و ئامادەکاری بۆ ڕێکخستنی چالاکی توندوتیژی دژ بە دەوڵەت)، بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران. لە ڕێکەوتی٢٠ی تەمووزی ساڵێ ٢٠٢٣دا، جارێکی تر، شێروان شێروانی لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دادگاییکرایەوە و بە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمی، تاوانبارکرا. تیمی کوردستانی عێراقی CPT چاودێری وردی سەرجەم دانیشتنە دادگاییەکانی شێروانی کردووە و کۆمەڵێك پێشێلکاری هەمەجۆریشی لە پڕۆسەی دادگاییکردنەکاندا تۆمارکردووە. 

    وا بڕیار بوو کە لە ڕێکەوتی ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا و پاش نزیکەی پێنج ساڵ لە زیندانیکردنی، شێروان شێروانی ئازادبکرێت. بەڵام دوو کەیسی نوێی دراوەتە پاڵ کە بە ئەگەری زۆرەوە ڕێگردەبن لە بەردەم ئازادکردنی. لە ڕێکەوتی ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ دانیشتنی دادگا بۆ ساخکردنەوەی یەکێک لەو دوو تۆمەتانە بەڕێوەدەچێت کە خراوەتە پاڵ شێروان، ئەمەش تەنیا چەند مانگێک لە دوای ڕەتکردنەوەی پێشنیازی نێردراوی هێزە ئەمنییەکان بۆ لای شێروان کە لە ئەگەری دەستهەڵگرتن لە ڕەخنەگرتنی حکومەت ئەوا ئازاد دەکرێت و تەنانەت قەرەبووی هەموو ئەو ساڵانەشی بۆ دەکرێتەوە کە لە زینداندا بەسەری بردوون. یەکێک لەو تۆمەتانە دەگەڕێتەوە بۆ سکاڵایەک، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن کارمەندێکی ئەمنی زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر بەگوێرەی ماددەی ٢٩٩ لە یاسای ( ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩)ی یاسای سزادانی عێراقی لەسەر شێروان تۆمار کراوە کە پەیوەستە بە هەڕەشەکردن لە کارمەندی حکومی.

دەقی ماددەی ژمارە ٢٢٩:

هەر کەسێک، سوکایەتی یاخود هەڕەشە لە بەرپرسێک یاخود فەرمانبەرێکی حکومی، ئەنجومەنێک یان لایەنێکی فەرمی بکات بەهۆی ئەنجامدانی کاری فەرمی خۆیان، یاخود لە کاتی خزمەتی گشتیدا، ئەوا تۆمەتبار سزا دەدرێت بە بەندکردن کە لە (٢) ساڵ زیاتر نەبێت،  یاخود بە پێبژاردنێک کە لە (٢٠٠) دینار زیاتر نەبێت. 

ئەگەر هەڕەشەکە یاخود سوکایەتی پێکردنەکە بەرامبەر بە دادوەرێک، دادگایەکی یاسایی یاخود کارگێڕی یاخود ئەنجومەنێکی دادی بوو، بەهۆی ئەنجامدانی کاری خۆیان یاخود لە کاتی ئەنجامدانی کاری فەرمیدا، ئەوا کەسی تۆمەتبار سزا دەدرێت بە بەندکردن کە لە (٣) ساڵ زیاتر نەبێت لەگەڵ پێبژاردنی پارە، یاخود هەر یەکێک لەم دوو سزایە.  


سەرباری ئەوە سکاڵایەکی تر لە لایەن زیندانییەکی چاکسازی گەورانی هەولێر بە گوێرەی ماددەی ٤١٣ لە یاسای سزادانی عێراقی لەسەر شێروان شێروانی تۆمار کراوە.

ماددەی ٤١٣، لە یاسای سزادانی عێراق(ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩) پەیوەستە بەو کەیسانەی کە تیایدا، کەسێک زیان بە کەسێکی تر دەگەیەنێت یاخود دەبێتە هۆکاری بریندارکردنی بە تایبەتی پەلاماردانی مەبەستدارانە کە ببێتە هۆی برینداربوون.

تیمی کوردستانی عێراقی (CPT) نیگەرانی قوڵی خۆی بەرامبەر بەکاتی بەرزکردنەوەی ئەم سکاڵایانە دەردەبڕێت. تیمەکەمان بەشداری لە سەرجەم دانیشتنەکانی دادگاییکردنی زیندانییانی بادیناندا کردووە و پێشێلکارییەکانی تۆمارکردووە کە تیایدا، سیستەمی دادوەری بەرامبەر بە دەستتێوەردانی بەرپرسانی حکومی و بەکارهێنانی بۆ سزای نادادپەروەرانە بەرامبەر بە رۆژنامەوانان و چالاکوانان لاواز بووە، هەروەکو ئەوەی کە لە دۆسیەی زیندانییانی بادیناندا تێبینیکرا.

پێشنیاز

مافی خۆپێشاندان بە مافێکی سەرەکی و سەرەتای هاوڵاتیانی مەدەنی دادەنرێت کە دەتوانن لە ڕێگەیەوە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە ناڕەزایەتییەکانیان دەرببڕن و داوای گۆڕانکاری و دەستەبەرکردنی ماف و پێداویستییەکانییان بکەن.

بە هەمان شێوە، ڕۆژنامەگەری پایەیەکی بنچینەیی مافی ئازادی ڕادەربڕین و گەیشتن بە زانیارییە. هەردوو مافەکە بەپێی یاسای دانپێدانراوی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی پەرلەمانی کوردستان دەستەبەرکراون کە ئەم یاسایە جەخت دەکاتەوە لەسەر مافی میدیا بۆ دەستکەوتنی ڕوونکردنەوە و زانیاری ڕوون و تەواو دەربارەی ڕووداوەکان.

هەر هەوڵێک بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندان و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەوانان لە ڕیگەی ترساندن، توندوتیژی و دەستگیرکردنی نایاسایی، پیشێلکاری ڕوونە بەرامبەر بە مافە بنەڕەتییەکان. 

لەسەر حکومەت پێویستە کە ڕێگە بە خۆپێشاندانی ئاشتیخوازانە بدات و دەرگاکانیش بۆ ڕۆژنامەوانان واڵا بکات بۆ ئەنجامدانی کاری ڕۆژنامەوانی خۆیان بە شێوەیەکی ئازادانە.

cptik