لەدوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و لە سێ مانگی ئاگربەستی تاکلایەنەدا، هێرشەکانی سوپای تورکیا زیادیان کردووە و تەواوی هێرشەکان بۆسەر پارێزگای دهۆک چڕبوونەتەوە.

لەدوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و لە سێ مانگی ئاگربەستی تاکلایەنەدا، هێرشەکانی سوپای تورکیا زیادیان کردووە و تەواوی هێرشەکان بۆسەر پارێزگای دهۆک چڕبوونەتەوە.

لەدوای ئەنجامدانی کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕۆژی ٥ی ئایار بۆ ٧ی ئایار، حزبەکە لە ڕۆژی ١٢ی ئایاردا، هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی خۆی ڕاگەیاند و کۆتایی بەهەموو چالاکییەک لە ژێر ناوی پەکەکە هێنا. ئەم بڕیارە لەدوای بانگەوازی ئاشتی ڕێبەری حزبەکە ئۆجەلان، لە ٢٧ی شوباتدا هات و وەکو سەرەنجامی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنە کە لە ١ی ئاداردا ڕاگەیاندرا، بڵاوکرایەوە. 

سەرباری ئەو بەرەوپێشچوونانە، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، بەڵام بۆ ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو چڕبوونەتەوە. لە مانگی ئایاردا، ژمارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا، بەراورد بە مانگی نیسان، بە ڕێژەی (١٤٣٪) زیادیانکردووە و تەنانەت ژمارەی هێرشەکان لەم مانگەدا، زیاترە لە ژمارەی هێرشەکان پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکە. بەڵام تەواوی هێرشەکان بەتەنها لە یەک پارێزگادا چربوونەتەوە کە ئەویش پارێزگای دهۆکە و (٩٨٪)ی هێرشەکان بۆسەر سنوری قەزای ئامێدی و (٢٪)ی هێرشەکان بۆسەر سنوری قەزای زاخۆ بوون. لە مانگی ئایاردا، (٥١٠) هێرش و بۆردوومانی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە هەموویان لە پارێزگای دهۆک بوون و هیچ هێرش و بۆردوومانێک بۆ سەر سنوری پارێزگاکانی تری وەکو (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و نەینەوا) ڕوویاننەداوە. لە ژمارەی هێرشەکاندا، (٤٥٨) هێرشیان لە ڕێگەی تۆپبارانەوە و (٣٦) هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و (١٦) هێرشی تریان لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بوون. بە بەراورد بە مانگی ئاداریش، ژمارەی هێرش و بۆردوومانەکان لە مانگی ئایاردا، بە ڕێژەی (٣٣٢٪) زیادیانکردووە.

چڕکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکان لەیەک دەڤەری دیاریکراودا، بوونەتە مایەی زیادبوونی بۆردوومانەکان. تەواوی سەرنجی چالاکییە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە قەزای ئامێدیدا کۆکراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدا، لە ساڵانی پێشودا سوپای تورکیا بە بەربڵاوی و بە درێژایی سنورەکانی هەرێمی کوردستان چالاکی سەربازی و هێرش و بۆردوومانی ئەنجامدەدا. ئەم گۆڕانکارییە، کاردانەوە و بەرئەنجامی دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیایە. چالاکییە سەربازییەکانی ئێستای سوپای تورکیا جێبەجێکردنی خواستی دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنی و نەهێشتنی ئامادەیی چەکداری گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە نزیک ئەو ناوچانەی کە سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵی کردوون. زۆرترین ڕێژەی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لەم ساڵدا، لە ڕۆژی ١٢ی ئایاردا ئەنجامدراوە، کە (٩٤) بۆردوومان بووە و لەم ڕۆژەدا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەی ڕاگەیاند.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، سەرباری بەردەوامی زەمینەسازی بۆ پڕۆسەی ئاشتی، لە ڕۆژی ٣٠ی ئایاردا، سوپای تورکیا دەستی کرد بە دروستکردنی بارەگایەکی سەربازی نوێ لە (گەلی باڵندا) لە قەزای ئامێدی.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، سوپای تورکیا (١،٠١٤) بۆردوومان و هێرشی هەلیکۆپتەری بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامداوە. بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیا لەم ساڵدا، (٩) هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی، کە لەم ژمارەیە (٣) هاوولاتی شەهیدبوون و (٦) هاووڵاتی تری مەدەنی برینداربوون.

تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە (CPT)

             کوردستانی عێراق


cptik