لە کاتێکدا، مەراسیمی نیازپاکی چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە بەڕێوەدەچێت، لەشکرکێشی و هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی حوزەیراندا وەکو خۆیان بەردەوام بوون.

لە کاتێکدا، مەراسیمی نیازپاکی چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە بەڕێوەدەچێت، لەشکرکێشی و هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی حوزەیراندا وەکو خۆیان بەردەوام بوون.

نزیکەی دوو مانگ بەسەر ڕاگەیاندراوی کۆنگرەی دوازدەهەمینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا تێدەپەڕێت کە تیایدا نیازی خۆهەڵوەشادندەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بەهەموو چالاکییەک لە ژێر ناوی پەکەکەدا ڕاگەیەندرا. ئەم جوڵەیەی حزبەکە لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئازاردا هات کە وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ بانگەوازی ئاشتی ڕێبەری دەستگیرکراوی جوڵانەوەکە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) ئەنجامیاندابوو. 

لە کاتێکدا، گفتوگۆکانی ئاشتی، نێوەندگیری و دانوستانەکان لە نێوان دەوڵەتی تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر لە ئارادابوون، هێرش و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا وەکو خۆیان بەردەوامبوون و لە هەندێک دەڤەری دیاریکراودا چڕکرانەوە، ئەمە هەموو لە کاتێکدایە کە مەراسیمی نیشاندانی نیازپاکی بۆ چەکدانان بڕیار وایە ڕۆژی هەینی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت کە تیایدا گروپێک لە گەریلا چەکەکانیان دادەنێن. 

سەرباری بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتی، هێرشە سەربازییەکانی سوپای تورکیا بە جێگیری و بە چری ماونەتەوە، بەڵام هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی لە مانگی حوزەیراندا نەبونەتە قوربانی. بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی بۆردوومانەکان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی (٨٪) زیادیانکردووە و بەمەش ئاستی  ڕێژەی هێرش و بۆردوومانەکانی لە پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە تێپەڕاندووە. لە (٩٨٪)ی هێرش و بۆردوومانەکان لە مانگی حوزەیراندا لە سنوری پارێزگای دهۆک و قەزای ئامێدیدا بوون، ئەمە لە کاتێکدا کە لە ساڵانی ڕابردوودا هێرش و بۆردوومانەکان بە بەربڵاوی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدران. لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا هیچ هێرشێکی لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە ئەنجامنەداوە کە ئەمە یەکەم جارە لەم ساڵدا کە سوپای تورکیا بە درێژایی مانگێکی تەواو هەلیکۆپتەر بەکارنەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی. لە (١ی حوزەیرانەوە بۆ ٣٠ی حوزەیران) سوپای تورکیا (٥٥٠) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و زۆرینەی هێرشەکانیش لە سنوری پارێزگای دهۆک و قەزای ئامێدی بوون. بە تەنیا (٩) تۆپباران بۆسەر سنوری قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدراوە. لە هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی حوزەیراندا، (٥٢٥) هێرش تۆپباران و (٢٥) هێرشی تریش ئاسمانی بوون.

لەشکرکێشییەکانی ئەم دواییەی سوپای تورکیا، هاوتەریبە لەگەڵ خواستی سوپاکە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنی و قەڵاچۆکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەدەوروبەری ئەو ناوچە ئەمنییە و نەهێشتنی هیچ گەریلایەکی پەکەکە لە نزیکی ئەو ناوچەیە. چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو لەلایەن سوپای تورکیاوە پەیوەستە بە بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆسەی ئاشتی و لە هەمانکاتیشدا پەیوەستە بە ستراتیژییەت و گرنگی چیای گارا کە سوپای تورکیا مەبەستیەتی بە هەر نرخێک و لەهەر بارێکدابێت لە ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلاکانی پەکەکەدا دەریبهێنێت، کە وەکو زنجیرەچیایەکی گرنگ بۆ جموجۆڵەکانی پەکەکە و پەناگەیەک بۆ چالاکییە چەکدارییەکانی پەکەکە وێنا کراوە.

سەرباری لە ئارادابوونی پڕۆسەی ئاشتی، بەردەوامی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆسەر گوندەکانی سنوری قەزای ئامێدی و ناحیەی دێرەلووک لە مانگی حوزەیراندا، بوونە مایەی سوتانی سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵی و ڕەزوباخی هاووڵاتیان. گوندنیشنان ڕێگریان لێکرا بچنە گوندەکەیان و ئاگری زەوی و کێڵگە کشتوکاڵییەکانییان بکوژێننەوە کە بە هۆی تۆپبارەکان کەوتبوونەوە. لە (٢٤ی حوزەیران بۆ ٢٩ی حوزەیران) سەربازانی سوپای تورکیا، چەندین داریان لە ناوچەکانی زاپ و مەتینا بڕیەوە و لە ڕێگەی بارهەڵگرەوە دارەکانیان بۆ تورکیا گواستەوە.

لە هەمانکاتدا، لە ڕۆژانی (١٦و٢٤ی حوزەیران)دا، چەکدارانی پەکەکە (٤) هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە کردە سەر بارەگای سوپای تورکیا لە گوندی سگیرێ لە قەزای ئامێدی  و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەم چالاکییەیان لە چوارچێوەی بەرگری لە خۆکردن و وەڵامدانەوەی بەردەوامی هێرشەکانی سوپای تورکیا بووە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، سوپای تورکیا (١٦٧٨) هێرش و بۆردوومانی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئەنجامداوە. (١٢٣٢) هێرشیان تۆپاباران، (٣٩٧) هێرش لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، (٤٣) هێرش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، (٥) هێرش لەڕێگەی بەکارهێنانی چەکی سوک و (١) هێرشیش لە ڕێگەی ئەنجامدانی تەقینەوە بووە. هەر لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا، (١٤٨٤) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک، (١٤٠) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، (٥٤) هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی بوون. لەم ساڵدا هیچ هێرشێک بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا و قەزای شەنگال ئەنجامنەدراوە. هەروەها لەسەرەتای ئەمساڵەوە، (٩) هاووڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا کە (٣ هاووڵاتی شەهید و ٦ هاووڵاتی تر بریندار)بوون.

cptik