سیدەکان لە ژێر پاڵەپەستۆی ململانێکانی سنوردا

لەتیف حارس

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا رێکخراوەکەمان، گەشتێکی ساز کرد بە مەبەستی  بەسەرکردنەوە و لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە بارودۆخی ناوچە بۆمباران کراوەکانی نا‌‌‌‌حیەی سیدەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە.  گەشتەکەمان دەستی پێکرد بە کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەکە، بەڕێزیان باسی هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکەی بۆ کردین و گوتی ''سیدەکان گەورەترین ناحیەیە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەیەکی گرنگی گەشتیارییشە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە تەواوی گوندەکانی ئاوەدان بکرێنەوە کە ژمارەیان دەگاتە ١٠٠ گوند. هۆکاری ئاوەدان نەکردنەوەی گوندەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ کاولکاریەکانی رژێمی سەدام و شەڕی بەردەوامی پەکەکە و تورکیا و ئێران و پارتەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان''.  درێژەیدا بە قسەکانی و گووتی '' ئەوە جاری یەکەم نیە تورکیا ئەو دەڤەرە بۆمباران دەکات، بۆمبارانەکانیش گوندنیشینەکانی ناچار کردووە ماڵ و ڕەز و گوندەکانیان بەجێبهێلن لەدوای خۆیان''.  

ئیمە پرسیارمان کرد  دەربارەی پلان و یارمەتیەکانی ‌‌حکومەتی هەرێمی کوردستان كرد بۆ ئەو خەڵكەی کە زەرەرو زیانیان پێگەیشتووە بەهۆی بۆمبارانەکەوە. بەڕێوەبەری ناحیەیەکەش لە وەڵام دا گوتی ''بەهۆی قەیرانی  دارایی هەرێمەوە ئێمە ناتونین وەکو پێویست بەهانای گوندنشینانەوە بچین، بەڵام کەمپێکمان هەیە کە پێشتر بۆهەمان مەبەست  دروستکراوە بۆ ئەوەی تێیدا نیشتەجێ ببن لەکاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا و بڕیاری وەستاندنی شەڕەکەش لە دەستی ئیمەدا نیە''.

ِ دواتردرێژەمان بە گەشتەکەماندا و سەردانی گوندشینانمان کرد بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری باروودۆخی ژیانی ئەوان ببین. ئەوان زۆر بە نیگەرانیەوە باسی مەترسی و زەرەرەکانی بۆمبارانەکانی دەوڵەتی تورکیایان کردو گوتیان ''چەندین جار ئاوارەو بریندار بووین لە پێشتردا، ئێستاش هەمان مەترسیمان لەسەرە چونکە دوای دەست پێکردنەوەی شەڕ لەلایەن تورکیاوە،  بۆردومانی ناوچەکەمان دەستی پێکردۆتەوە و دانیشتوانی چەند  گوندێکیش ئاوارە بوون'' .

ئیمە تێبینیمان کرد کە گوندنیشینان مەترسیان هەيه  لە بەردەوامی بۆمباران وتوندوتیژیەکان لەو دەڤەرەدا. ئەوان بێهیوا بوون و داواش دەکەن شەڕ و ناکۆکیەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی هیچی تر خەڵکی سڤیل نەبێتە قوربانی.

تێبینی ئەوەشمان کرد کە حکومەتی هەرێم پلانێکی ڕونی نیە و هیچ داوایەکی فەرمیشی لە ئاستی ناوخۆو دەرەکی پێشکەش نەکردووە بۆ راگرتنی بۆمبارانەکان لە سنورەکانی هەرێمی کوردستاندا. لەکاتێکدا ئەگەری توندوتیژی زیاتر لە ئارادایە و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش هیچ هەنگاوێکی جددی نەنراوە بۆ وەستاندنی ئەو توندو تیژیانە .

دەوڵەتی تورکیا لە نەوەدەکانەوە بۆمبارانی  ناوچەکە دەکات. ناو بەناو بۆمبارانەکەیان وەستاندوە، بەڵام دواتر دەستی پێکردۆتەوە، ئەوەش بەهۆی بێ مەیڵی دەوڵەتی تورکیا لە چارەسەر کردنی کێشەی کوردان بەشێوەیەکی ئاشتیانەی. بۆ ئەوەی بۆ هەمووانیش ڕوون بێت ڕەفتاری دەوڵەتی تورکیا تەنها زەرەری بە  خەڵکی سڤیل گەیاندووە.