ڕاگەیاندراوی تیمی کوردستانی عێراقی "سی پی تی" سەبارەت بە سزای زیندانیکردنی "بەدەل بەرواری" و "ئومێد بەروشکی"

ئەمڕۆ بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشکی، بەتۆمەتی هاندانی خەڵکی بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندانی توندوتیژانە، بەپێی یاسای ژمارە ٢٢٢، لە یاسای سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩، بە ساڵیک بەندکردن حکومدران. بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشکی زیاتر لە ساڵێکە زیندانیکراون بەڵام بەدەل بەرواری تاوەکو ڕۆژی ٢٦ی تشرینی دووەم لە زینداندا دەهێڵدرێتەوە، ئینجا ئازاد دەکرێت. ئومێد بەروشکی لە زینداندا دەمێنێتەوە تاوەکو تەواوکردنی ئەو حوکمانەی کە پێشتر بەپێی بڕگەی ژمارە ٢ لە یاسای ژمارە ٦ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردنی ساڵی ٢٠٠٨ بەسەریدا سەپێندراوە.

لە میانەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییکردنەکەدا، بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشکی و پارێزەرەکانیان ئاماژەیان بەچەند نیگەرانییەکی جددی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کرد، کە لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو دوو زیندانییەدا ڕوویانداوە.

لە دادگاییەکەی ئەمڕۆدا، ئومێد تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە خرابوونە پاڵی. باسی لەوە کرد کە چۆن گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئاسایش و لەلایەن ٢٠ چەکدارەوە لێیدراوە و بە قۆنداغە تفەنگ بە پشتە سەریدا کێشراوە. لە گەڵ ١٣٠ زیندانیدا لە زیندانێکدا بەندکراوە کە تەنیا بۆ ٣٠ زیندانی دروستکراوە و لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی لێکۆڵینەوەدا هەڕەشەی لێکراوە.

لە ساتەوەختی دەستگیرکردنیەوە تاوەکو ئێستا، بەدەل بەرواری ٤١ کیلۆ گرام لە کێشی لەشی دابەزیوە. بەدەل بەڕوونی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو خۆپێشاندانی مامۆستایانی ڕێکخستووە و هیچ تاوانێکی ئەنجامنەداوە. ئەو داوای کرد کە ڕێگەی پێبدەن بۆ ئەوەی شاهیدەکانی بانگ بکات تاوەکو بیسەلمێنێت کە ئەو بێتاوانە. دەستەی دادوەری دادگا ڕێگەی نەدا کە پارێزەرانی بەرگریکار هیچ شاهێد بانگهێشت بکەن یاخود هیچ تۆمارێکی دەنگی پێشکەش بە دادگا بکەن بۆ بەرگریکردن لە بەدەل بەرواری.

پارێزەرانی بەرگریکار، نیگەرانیان دەربڕی لەوەی کە بەر لە یەکەمین دانیشتنی دادگادا نەیانتوانیوە ئومێد بەروشکی و بەدەل بەرواری ببینن و تەنیا یەکجار بینیویانن، ئەویش بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئاسایش لە دیدارەکەیاندا. وە نیگەرانبوون لە ئامادەیی ئەنجوومەنی ئاسایش لە هۆڵی دادگادا. پارێزەرەکان سکاڵایان دەربڕی بەرامبەر ئەوەی کە بەبێ ئامادەبوونی ئەوان پڕۆسەی لێکۆڵینەوە بەڕێوەچووە و فشار لەهەردوو زیندانیەکە کراوە بۆ کردنەوەی مۆبایلەکانیان. پارێزەرەکان گوتیان کە سەرباری پێشکەشکردنی چەندین داوای یاسایی بە دادگا و ئەنجومەنی ئاسایش، پەڕاوی تۆمەتی سەر زیندانیانان پێنەدراوە. لە کۆتایی گوتەی پارێزەرەکاندا هاتبوو کە بەڵگەکان وەک پێویست نین و تەنانەت دار و بەردی بادینان شاهیدی بۆ بێتاوانی ئەو دوو زیندانییە دەدەن.

ئێمە وەک تیمی کوردستانی عێراقی "سی پی تی"، گوێبیستی هیچ بەڵگەیەکی پێشکەشکراو نەبووین کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بیسەلمێنێت بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشکی تێوەگلابن لە هاندانی خەڵک و پلانڕێژیان کردبێت بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندانی توندوتیژانە. ئەو بەڵگەیەی کە ئەنجومەنی ئاسایش پیشکەش بە دادگای کرد بریتی بوو لە ئاڵوگۆڕی پەیامی دەنگی نێوان بەدەل بەرواری و شێروان شێروانی، بەڵام ناوەڕۆکی پەیامە دەنگیەکە سەلمێنەری ئەوە بوو کە بەدەل بەرواری تەنیا خواستی رێکخستنی خۆپێشاندانی ئاشتیانەی هەبووە و داکۆکی لە مافی مرۆڤ کردووە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. 

ئەمڕۆ دادگای باڵای تاوانەکانی هەولێر، بە ڕەتکردنەوەی خواستی داواکاری گشتی بۆ حکومدانی بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشکی بەپێی یاسای ژمارە ١٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩ی هەموار کراو بۆ یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوێکی یەکجار گرنگی نا بە ئاراستەی گێڕانەوەی متمانە بۆ سیستەمی دادوەری لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. ئێمە هیوا خوازین دادگاکان بەردەوامبن لە نیشاندانی سەربەخۆییان لە پارتە سیاسییەکان و بەپێی پرەنسیپە یاساییەکان دادپەوەری لە دادگاییکردنی زیندانیانی تری بادیناندا بچەسپێنن. وەجەخت لە گوتەی پاریزەرانی بەرگریکاری دۆسیەی زیندانیانی بادینان دەکەینەوە، کە بەپێی یاسا بەرکارەکان، بەشداریکردن و ڕێکخستنی خۆپێشاندانی ئاشتیانە کارێکی نا یاسایی و ناڕەوا نییە لە هەرێمی کوردستاندا.

تیمی کوردستانی عێراقی "سی پی تی"، هاوسۆز لە گەڵ زیندانی بادینان و خانەوادەکانیاندا دەمێنێتەوە و هاوشان لەگەڵیاندا داوا لە دادگاکان دەکات بۆ هەنگاونانی زیاتر بەمەبەستی دڵنیایی دان لە پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.


cptik