ڕاگەیاندراوی هاوبەشی ژمارەیەک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر چەند ناوچەیەکی مەدەنی نشین لە قەزای شەنگال

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، سوپای سەربازی تورکیا دوو جار بۆردوومانی ناوچە مەدەنی نشینەکانی قەزای شەنگالی لە عێراق کرد و لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا ٤ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و بەلایەنی کەمەوە ١٣ هاوڵاتی مەدەنیش برینداربوون.

شەنگال، ناوچەیەکی ئێزیدی نشینە، کە لە دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەو ناوچەیەیان جێهێشت، چەکدارانی داعش زۆر دڕاندانە هێرشیان کردە سەر ناوچەکە و کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان گرتە دەست. یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال "یەبەشە" هێزێکی چەکدار یەزیدییەکانە و لەدوای داگیرکردنی شەنگال بۆ شەڕکردن لە دژی داعش دروستکرا و لەدوای ئازادکردنی شەنگال-یش دەسەڵاتی ئەمنی زۆرینەی ناوچەکەی گرتە دەست. لە ئێستاشدا بەفەرمی بووەتە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق. یەبەشە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە-دا هەیە لەدوای وەرگرتنی هاوکاری سەربازی لێیان لەکاتی شەڕی دژ بە داعشدا.

ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لەلایەن تورکیاوە لە ناوەندی شەنگالدا بۆردوومانکرا. وێنەکە لەلایەن دانیشتووێکی شەنگالەوە گیراوە

لە ١٦ی ئابدا، سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان لە ناوەندی قەزای شەنگالدا بە ئامانج گرت، کە لەناویدا چەند ئەندامێکی یەبەشە-ی تێدابوو. ئەو ئەندامانەی یەبەشە بەڕێگاوەبوون بۆ دیدارێکی دیبلۆماسی لەگەڵ وەفدێکی باڵای عێراقدا، وەک بەشێک لەسەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی بۆ قەزای شەنگال. لەئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانیەدا فەرماندەیەکی یەبەشە بە ناوی سەعید حەسەن و چەکدارێکی ئەو هێزە بە ناوی عیسا خوەدێدا گیانیان لەدەستدا. وە سێ سەر نشینی تری ناو ئۆتۆمبێلەکە بەسەختی برینداربوون.

لەهەمان کاتدا، بەهۆی بۆردوومانەکەی ڕۆژی ١٦ی ئاب، ٣ هاوڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی ماهیر میرزا عەلی، مێدیا قاسم سمۆ و شامل عەباس برجس کە کارمەندی ڕێکخراوی GCS چارەسەری پاککردنەوەی جیهانی بوون، برینداربوون. ڕێکخراوی چارەسەری پاککردنەوەی جیهانی ڕێکخراوێکی تایبەتمەندە لە هەڵگرتنەوەی مین لەو شوێنانەی کە شەڕ تێیاندا ڕوویداوە. لەکاتی بۆردوومانەکەدا، کارمەندانی رێکخراوەکە سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی مین بوون کە داعش لەکاتی ڕاکردنی لەشارەکە لە بینایەکی نزیک لە شوێنی بۆردوومانەکەدا چاندبوونی.

هەر ڕۆژێک لەدوای ئەو ڕووداوە و لە ١٧ی ئابدا، تورکیا بۆردوومانی نەخۆشخانەی گوندی سکین-ی لە قەزای شەنگال کرد. ئەو نەخۆشخانەیە لەدوای ئازادکردنی ناوچەکە لە دەستی چەکدارانی داعش، لە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال یەبەشە-ەوە دروستکرابو. بینای نەخۆشخانەکە پێشتر قوتابخانە بوو و دواتر کرا بە نەخۆشخانە کە تیایدا چارەسەری تەندروستی پێشکەش بە هاوڵاتیانی مەدەنی و تووشبووانی کۆرۆنا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و چەکدارانی یەبەشە دەکرا. سوپای تورکیا ڕاستەوخۆ بۆردوومانی نەخۆشخانەکەی کرد و لە ئەنجامدا ٨ کەس گیانیان لەدەستدا، کە چواریان کارمەندی تەندروستی بوون بە ناوەکانی حەجی خضر، سەعدو ئەلیاس ڕەشۆ، موخلیسە سیدار و عەلی ڕەشۆ خدر. چوارەکەی تریش کە چەکداری یەبەشە بوون و پاسەوانیان لە نەخۆشخانەکە دەکرد بریتی بوون لە خدر شەریف، حامد سەعدون، مەیتەم خدر خەلەف و رامی السلیم. وە کارمەندێکی تری تەندروستی بە ناوی عەبدی سلێمان، لەو ڕووداوەدا برینداربوو.

لەدوای بۆردوومانەکە و خاپوور بوونی نەخۆشخانەکە، هاوڵاتیانی نزیک لە نەخۆشخانەکە ویستیان هاوکاری کوژراو و بریندارەکان بکەن، بەڵام تورکیا دوو جاری تر نەخۆشخانەکەی بۆردوومان کردەوە و لە ئەنجامدا ٩ هاوڵاتی تری مەدەنی برینداربوون.

نوسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هێزەکانیان هیچ نەخۆشخانەیەکیان بە ئامانج نەگرتووە. بەڵام هاوڵاتیانی مەدەنی و دانیشتووانی شەنگال ئەوە ڕەتدەکەنەوە.

بەهەمان شێوە لە ساڵی ڕابردوو، لە ٢٦ی ئایاردا، سوپای تورکیا بۆردوومانی نەخۆشخانەی گوندی سەفرەی لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کرد و بەهۆی زۆری زیانی بەرکەوتوو بە نەخۆشخانەکە تا ئێستا نە توانراوە جارێکی تر بەڕووی گوندنشیناندا بکرێتەوە و هاوڵاتیان بتوانن چارەسەری لێوەربگرن.

ئێمە وەکو چوار ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، CPT, UPP, CODEPINK, ICSSI سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا دەکەین بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی و شوێنی مەدەنی نشین و نەخۆشخانە و شوێنی چارەسەری تەندروستی. ئێمە داوا لە وڵاتانی بیانی دەکەین، کە هاوکاربن و دەستپێشخەری بکەن بۆ بنیاتنانەوەی شەنگال-ی دوای شەڕی داعش و یارمەتی و هەماهەنگی زیاتر پێشکەش بەو حکومەتانە نەکەن کە دەیانەوێت شار و شارۆچکەی زیاتر کاولبکەن.

بینای خاپوورکراوی نەخۆشخانەی سکینێ. وێنەکان لەلایەن دانیشتووێکی گوندەکەوە گیراوە

cptik