«بەیاننامەی تیمی کوردستانی عێراقی CPT، سەبارەت بە سزادانی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆی بادینان»

ئەمڕۆ، ڕۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١، لەدوای دوو ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییکردن لە یەکێک لە دادگاکانی ھەولێر، شێروان و شێروانی و ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ ئەیاز کەرەم و گوھدار زێباری و ھەرەوھا چالاکانی مەدەنی بواری مافی مرۆڤ شڤان سەعید و ھاریوان عیسا بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران بە بیانووی ھەوڵدان و ئامادەکاری بۆ ڕێکخستنی چالاکی توندوتیژی دژ بە دەوڵەت.

ئەو بەڵگانەی کە پێشکەش بە دادگاکران، بریتی بوون لەچەند گفتوگۆیەکی کەسی کە دەتوانرێت خوێندنەوەی جیا جیای بۆ بکرێت. وەھەروەھا کۆمەڵێک وێنە کە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی بەکاربردرابوون. لە ھەمانکاتدا گفتوگۆکانیان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا وەک بەڵگەی تاوان ئاماژەیان پێدرا.

لە کاتی پشوێکی کورتی دادگاییکردنەکەدا، شێروان کە لەگەڵ چوار زیندانی تری بادیناندا لەناو قەفەسی ھۆڵی دادگادا بوو، بەو ئەندامانی تیمی CPT ڕاگەیاند کە لەناو دادگادا ئامادەییان ھەبوو، کە ناوبراو ئەشکەنجە و ئازار دراوە. ھەروەھا شێروان داوای لە CPT کرد کە پەیامێکی ناوبراو بۆ ڕایگشتی بخەنەڕوو. شێروان لە پەیامەکەیدا گوتی،"چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەیەکگرتوویی بمێننەوە و ئەوەی کە لە توانایاندایە بیکەن بۆ فشارخستنەسەر حکومەتی ھەرێم بەمەبەستی گێڕانەوەی دادپەروەری بۆ زیندانیانی بادینان."

لە کۆتایی دادگاییکردنەکەدا، شێروان بەدەنگێکی بەرز گوتی، "لایەنە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی حکومەتی ھەرێم، دادوەر و دادگا و دەسەڵاتی دادوەری بەکاردەھێنن بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین لەھەرێمی کوردستاندا."

بەرئەنجامی چاودێریکردنی پڕۆسەی دادگاییەکە لەلایان CPT و ڕێکخراوەکانی تری مافی مرۆڤ قسەکانی شێروان شێروانی پشتڕاستدەکەنەوە. پارێزەرانی ئەنجومەنی ئاسایش ھیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ و بڕواپێھێنەریان پێشکەش نەکرد کە تۆمەتەکانیان بۆ چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی بادینان بسەلمێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا بە تاوان ھەژمارکردنی پەیوەندی بەستن بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ئازادی و مافە مەدەنییەکان، دەستوەردانی سیاسیە بۆ کپکردنی دەستپێشخەرییە مەدەنییەکانی مافی مرۆڤ، کە تیایدا پەیوەندی کردن لەگەڵ دەزگاکانی مافی مرۆڤ وەک لێدان لە ئاسایش و یەکێتی دەوڵەت پێناسەدەکرێت.

ئەندامانی تیمی CPT بەقوڵی نیگەرانی خۆیان دەدەبڕن سەبارەت بەم پڕۆسەیە کە تیایدا مافە مەدەنی و سەرەتاییەکان بە ئامانج دەگیرێن و دەبنە ھۆی تێکدانی ژیانی ئەوانەی کە ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن و بەڕووی توندوتیژیدا دەوەستنەوە. ئێمە ھیوای سەلامەتی و پارێزراوی بۆ ڕۆژنانەمەوانان و چالاکانی بادینان و خێزانەکانیان دەخوازین.

وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بواری مافەکانی مرۆڤ، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بانگەواز لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەکات کە لە دژی ئەو بڕیارە نادادپەروەرییە ھەڵوێست وەربگرن بۆ دڵنیابوونەوە لەسەروەری و سەربەخۆیی یاسا لەکاتی تێھەڵچوونەوەی بڕیارەکەی دادگا.

cptik