تۆمەتبارکردن بەبێ هەبوونی بەڵگە

ڕاگەیاندراوی تیمی کوردستانی عێراقی “سی پی تی”، سەبارەت بە چاودێریکردنی پڕۆسەی دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕوشکی

 لە بەرواری ٢٩ی تەمموزی ٢٠٢١، تیمێکی "سی پی تی" چاودێری پڕۆسەی دادگایکردنی چالاکوانانی بادینان، (بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆشکی)یان کرد. شیاوی باسە بەدەل بەرواری ماوەی (٢٤) ساڵە وەک مامۆستا خزمەتدەکات، سەرباری ئەوەش ڕێکخەرێکی سیاسیی چالاکی دەڤەری بادینانە. ئومێد بەروشکییش ڕۆژنامەوانێکی سەربەخۆی تەمەن (٢١) ساڵە و سەربەخۆیانە کاری مێدیایی دەکات. جێی ئاماژەیە بەرواری و بەروشکی لە مانگی ئابی (٢٠٢٠) زیندانی کران، ئەمەش دوای ڕێکخستنی خۆپیشاندانێک، کە تێیدا داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق کرد، مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی (حکومیی) لەکاتی خۆیدا دابەش بکات

بەر لە دەستپێکی پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەم چالاکوانانەش، "سی پی تی"  چاودێریی وردی پڕۆسەی دادگاییکردنی سەرجەم چالاکوان و ڕۆژنامەوانانی بادینانی کردووە، کە لەسەر ڕەخنەگرتنیان لە گەندەڵیی دەزگاکانی میریی دەستگیرکراون. دوای چاودێریکردنی چەندین پڕۆسەی دادگایی چالاکوان و ڕۆژنامەوانانی بادینان، "سی پی تی" دڵنیایە لەوەی ئەگەر دادگاییەکی دادپەروەرانە هەبێت، سەرجەم زیندانیکراوان بێ بوونی هیچ مەرجێک ڕاستەوخۆ ئازاد دەکرێن. نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەر تۆمەتەکان و بەردەوامیی هێشتنەوەیان، بۆ ئێمە جێی سەرسوڕمانە. لەهەر دانیشتنێکی دادپرسیدا، شایەتەکان کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش و داواکاری گشییەوە هێنراون، پشتگیری ڕاگیراوان و پارێزەرانی تۆمەتبارانیان کردووە. بە ئامادەبوونی نوێنەرانی خۆمان لەناو دادگا، هەر شایەتێک ڕاستەوخۆ گوتویەتی کە ئەوان شایەتی لەسەر زیندانیکراوان نادەن، چونکە ئەو بەڵگانەی کە بەناوی ئەوانەوە ئامادەکراون، ساختەن. هەروەها، چەندین شایەتحاڵ جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ڕەشنووسی دانپێدانانەکە و نووسراوەکانیان بەبێ ئاگاداری و ڕازیبوونی ئەوان بۆ یاداشت و ئامادەکردوون، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە شایەتەکان ناچارکراون لەژێر ئەشکەنجەدا واژۆ لەسەر دانپێدانانەکاندا بکەن.

لێرەوە دەتوانین بڵێین، لە نوێترین پڕۆسەی دادپرسیی بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشکیدا ئەوەمان بۆ ڕوون بووەوە، کە کەیسی زیندانیکراوانی بادینان پشت دەبەستێت بە تەنیا وتەیەک کە لەلایەن شێروان شێروانییەوە دەربڕدراوە و واژۆکراوە. لە میانی پرسیارەکانی دادپرسی ڕۆژی پێنج شەممە، نوێنەرەکەی ئەنجومەنی ئاسایشیش گوتی، کە ئەم بەڵگەیە وەک تەنیا بەڵگە بەکارهێنراوە لە دەستگیرکردنی ئومێد و بەدەل و چەندانی تر لە چالاکوانانی دەڤەری بادینان.

 دوای ئەوە، شێروان وەک شایەتی داواکاری گشتی بەناوی ئەنجومەنی ئاسایش هێنرایە هۆڵی دادگا. شێروان بە دادوەری گوت: "هەموو زانیاریی ناو بەڵگەنامەکان کە واژۆی ئەوی لەسەرە ساختەن." هەروەها گوتیشی لە ژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر هاوژینەکەی ناچارکراوە نزیکەی (٥٠) بەڵگەنامە واژۆ بکات . ئەوەی زانراوە، شێروان ڕێگەی پێنەدرابوو، ناوەڕۆکی ناو ئەو بەڵگەنامانە بخوێنێتەوە کە واژۆی کردوون و بۆ یەکەم جار بوو گوێبیستی ناوەڕۆکەکەیان دەبوو، لە چەندین دادپرسی هاوڕێ چالاکوانەکانی کە ئێستا بە "زیندانیانی بادینان" ناودەبرێن، هەمان دیاردە بەدی دەکرێ.

 جگە لە  شێروان، هەریەکە لە ئەیاز کەرەم، گوهدار زێباری، هەریوان عیسا و شڤان سەعید لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بانگکرابوون بۆ دادگا بۆ پێشکەشکردنی گەواهییەکەیان لە هەمان ڕۆژدا. کاتێک ئەیاز کەرەم هێنرایە بەردەم دادوەر، ئاوا هاتە قسە: "ئەمە وتەی من نیە." ئاماژەی بە نوێنەرەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان-عێراق کرد و گوتی: "ئەوان ناچاریان کردم کە ئەم بەڵگەنامەیە واژۆ بکەم. ئێمە هیچ مافێکمان نەبوو!" ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، سەرجەم ئەو شایەتحاڵانەشی هێنرابوونە بەردەم دادگا بۆ پێشکەشکردنی شایەتییەکەیان بۆ داواکاری گشتی، ڕەتیان کردەوە کە ئەوان شایەتی داواکاری گشتی بن، جار لە دوای جار دووپاتیان دەکردەوە، "کە ئەوە وتەی من نییە" و " نەخێر، من شایەتحاڵی ئەمە نیم..." ئەمەش جێپێی پارێزەرەکانی پتەوتر دەکرد و مۆراڵی بەرگریکردنیانی بەرزتر دەکردەوە.

 لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەو بەڵگانەی شێروان شێروانی و هاوڕێ چالاکوانەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا واژۆیان کردوون، بەکارهێنراون بۆ دەستگیرکردن و زیندانیکردنی چەندان چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەوان کە بەشدار بوون لە ڕێکخستنی خۆپیشاندان و هێنانە جووڵاندنی پرسەکانی گەندەڵی و پێنەدانی مووچە بە فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

 لەوەش زیاتر، رەوشی جەستەیی زیندانیانی بادینان جێگەی تێڕامان و نیگەرانییە. کێشی جەستەیان ئێجگار زۆر دابەزیوە. هەروەها، چەندینیان سكاڵای ئەوەیان دەکرد کە ئەوان لە کاتی وەرگرتنی وتەکانیان لە دادگا ئەشکەنجە دراون.

لە کۆتاییدا، ئەوە دووپات دەکەینەوە ڕێگریکردن بۆ بینینی پارێزەر لەلایەن چالاکوان و ڕۆژنامەوانانی بادینان، بە کارێکی نابەجێ و دوور لە هەموو ڕەوشێکی مافی مرۆڤ دەزانین، بەتایبەت کە هەندێکیان لە تەواوی ماوەی زیندانیان لە مافی بینینی پارێزەر بێبەش کراون. لە کاتێکدا، بەدەل و ئومێد لە هۆڵی دادگا دەبرانە دەرەوە، ئومێد لە هۆڵی دادگادا هاواری کرد کە پڕی بوو لە پەرلەمانتاران، پارێزەران و چاودێرانی نێودەوڵەتی و گوتی: "من ماوەی ساڵێکە لە زینداندام بەڵام تا ئێستا پارێزەری خۆمم نەبینیوە!" ئەمە تەنها چەند وشەیەکی ناخی ئەو ڕاگیراوانە بوون، کە لەو ڕۆژەدا گوزارشتیان لە دۆخی خۆیان دەکرد. پارێزەری بەدەل بەرواری بە "سی پی تی" گوت کە ئەو تەنها یەک جار ڕێگای پێدراوە سەردانی م. بەدەل بکات، ئەویش لەگەڵ کوڕەکەیدا بووە و ماوەکەی تەنها (۱۰) خولەک بووە. هەروەها پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی سەردانەکەیاندا کاتێک ویستویانە قسە لەسەر کەیسەکەی بکەن، هێزەکانی ئاسایش کۆتاییان بە گفتوگۆکە هێناوە. وەک ئاشکرایە هیچ کاتێک دادگاییەکی دادپەروەرانە بوونی نابێت، ئەگەر تۆمەتباران ڕێگەیان پێنەدرێ کەیسەکانیان بۆ پارێزەرەکانیان شیبکەنەوە، لەپێش دادپرسییان.

لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە "سی پی تی" داوای دەستبەجێ ئازادکردنی م. بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشکی و تەواوی زیندانیانی بادینان دەکات. ئەگەر دادگایەکی سەربەخۆ و دادپەروەرانە هەبێت، بەهۆی نەبوونی بەڵگە و دانپیانان لە ژێر ئەشکەنجەدا و ڕێگەنەدان بە بینینی پارێزەر، بە هۆکارگەلێکی بەهێز دەزانین بۆ ئازادکردنیان.

پوختەی وێنەیەک لە وتەی شایەتەکان، لە دادپرسی بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشکی لەناو دادگا (بە پشتبەستن بەو تێبینیانەی کە "سی پی تی" لە پڕۆسەی دادپرسییەکەدا تۆماری کردوون) لەم لینکە بەردەستە.

cptik