کاریگەرییەکانی ئۆپەراسیۆنی چنگی-هەورە بروسکەی تورکیا بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی
ڕاپۆرتی سی پی تی
حوزهیرانی ۲۰۲۱
پوختە
ئەم ڕاپۆرتە، کاریگەرییەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی- هەورە بروسکەی سوپای تورکیا بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی هەرێمی کوردستانی عێراق بە بەڵگەنامە دەکات. ئۆپەراسیۆنی چنگی- هەورە بروسکە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی سەر سنورە، کە لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕاگەیەندرا. تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ئۆپەراسیۆنە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" بە ئامانج دەگرێت بۆ ڕیشەکێشکردنی تیرۆریزم لە کوردستانی عێراقدا. هەر لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەدا، بۆ دروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازی، تورکیا بە درێژایی سنوری نێوان تورکیا-عێراق بە هاوکاری هێزی ئاسمانی و تۆپخانە سەربازییەکانی، سەربازی دابەزاندۆتە خوارەوە. بە دروستکردنی ئەو بنکە و بارەگا سەربازیانە، تورکیا پێشڕەوی زیاتری بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان کردووە لە پێناو دروستکردنی ئەو ناوچەیەی کە بەرپرسانی تورکیا وەک "ناوچەی ئارام" ناوی دەبەن، بە دڕێژایی سنوری نێوان تورکیا-عێراق. هەر لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن تورکیاوە، شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا لەو ناوچانەدا چڕبوونەوە. دواتر تورکیا دەستی کرد بە بۆردوومانکردنی ئەو ناوچانە بە بیانووی بە ئامانج گرتنی گەریلاکانی پەکەکە، بەڵام تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی، چەندین هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی ڕاستەوخۆی سوپای تورکیای بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی تۆمارکردووە.
لە کاتێکدا تورکیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان لەو ئۆپەراسیۆنەدا پارتی کرێکارنی کوردستانیان بە ئامانج گرتووە، بەڵام لە ڕاستیدا هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچە سنورییەکان قوربانی یەکەمی بۆردوومانەکانی تورکیان. ئەو بۆردوومانانە بوونەتە هۆی وێرانکردنی ناوچەیەکی فراوانی سەر سنور، کە سەدان خانەوادە تیایدا دەژین. هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و نزیکە ١،٣٠٠ پورەی هەنگ، کە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنین لەناوچوون. بۆردوومانەکانی تورکیا بە تەنیا مەترسیان بۆسەر بژێوی ژیانی ئەو هاوڵاتیانە دروستنەکردووە، بەڵکو بوونەتە مایەی مەترسی بۆ سەر گیانیشیان. لە دەستپێکی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە تاوەکو ئێستا ٤ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون و لە ترسی هێرشە کانی تورکیا، زیاتر لە ١،٥٠٠ گوندنشینی ٢٢ی گوندی سەر سنور گوندەکانیان بەجێهێشتووە. تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی، مەترسی خۆی ڕادەگەیەنێت لەوەی کە ئەو خانەوادانە هەرگیز نەتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵ و ژیانی ئاسایی خۆیان، بەهۆی دروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازی لە نزیک گوندەکانیان لەلایەن تورکیاوە کە تۆپخانەیان تێدا جێگیرکراوە و بوونەتە سەرچاوەی مەترسی بۆسەر ژیانی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانە.
نابێت هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە شەڕی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا بە ئامانج بگیرێن. لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و گەڕانەوەی گوندنشینان بۆسەر ماڵ و ژیانی ئاساییان، پێویستە تورکیا بەپەلە ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ڕابگرێت.